سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ،رۆژی 11ی نیسانی 2026 ی وەك وادەی دانیشتنێك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆمار دیاری كرد.
سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، دوای ئەوەی كۆبوونەوەیەكی فراوانكراوی لەگەڵ سەرۆكی لایەنەكانی پەرلەمان ئەنجامدا بۆ تاوتوێكردنی كۆمەڵێك دۆسییەی گرنگی پەیوەست بە كارەكانی ئەنجومەن، دیارترینیان گفتوگۆكردن بوو لەسەر كۆمەڵێك یاسای گرنگ كە لە ماوەی داهاتوودا دەخرێنە بەرنامەی كارەوە ، هەروەها تەواوكردنی دەنگدان لەسەر لیژنە هەمیشەییەكانی ئەنجومەن.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبوونەوەكەدا بە درێژی باس لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و گرنگیی تەواوكردنی رێكارە دەستوورییەكان و كۆتاییهێنان بە بنبەستی سیاسی لە ژێر رۆشنایی ئەو بارودۆخە ئەمنی و ئابوورییەی كە وڵات بەدەستیەوە دەناڵێنێت كرا ، هەر لە كۆبونەوەكەدات سەرۆكی ئەنجومەنەكە بڕیاریدا رۆژی شەممە 11ی نیسانی 2026 وەك وادەی ئەنجامدانی دانیشتنێك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆمار دیاری بكات، داواشی لە سەركردەكانی لایەنە سیاسییەكان كردووە بەرپرسیارێتی خۆیان لە تەواوكردنی مەرجە دەستوورییەكان و پێكهێنانی حكومەتێك بگرنە ئەستۆ كە توانای رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكانی هەبێت.
ئەمەش لەكاتێكدایە 220 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لیستی ناو و ئیمزای خۆیان ئاراستەی سەركردایەتی پەرلەمان كرد و داوایان كردبوو ئەمڕۆ دووشەممە ،دانیشتنێك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆمار ئەنجام بدرێت.
بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگیی كە هێزە سیاسییە شیعەكان لە عیراق كۆدەكاتەوە، رێككەوتن لەسەر دواخستنی بڕیاردان لەسەر كاندیدێكی سەرۆك وەزیران هەرچەندە نوری مالیكیان دەستنیشانكردبوو بەڵام دوای لێدوانەكانەترەمپ سەبارەت بە رەتكردنەوەی مالیكی بۆ ئەو پۆستە شیعەكان بوون بە چەند بەشێكەوە و بڕیاریانداوە ،دوای كۆتاییهاتنی شەڕی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل دژی ئێران، كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلای بكەنەوە.