قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای سلێمانی بەسەرکردەوە و لەگەڵ شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی و لێپرسراوەکانی بەشە جیاوازەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە(30/3/2026) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی کرد کە توانیوویانە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بەروبوومە جۆراوجۆرە کشتوکاڵییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەن و گرنگی تایبەتیان داوە بە زیادکردنی بەرهەمە رووەکییەکان و شیرەمەنی و سامانی ماسی و پەلەوەر.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە رێکارە نوێیەکان بۆ گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و کێشە و گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی گەشەپێدان کرا.
لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران داوایکرد بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ نەخشەڕێگایەک ئامادەبکات بۆ دروستکردنی هەماهەنگی پێویست لەنێوان وەبەرهێنەران و جوتیاران، تا لە رێگەی پرۆژەی وەبەرهێنانی گەورەوە ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆ زیاتر ببێت بە شێوەیەک کە هەم بەرژەوەندی وەبەرهێنەران و هەم بەرژەوەندی جوتیاران دابین بکات.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی پشتگیری خۆی بۆ بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ دەربڕی بۆ زیادکردنی پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ و دروستکردنی نەمامگەی نوێ بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا کەمتر پشت بە هاوردەکردنی نەمام ببەسترێت. دەستخۆشیشی لێ کردن کە توانیوویانە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە دۆکیۆمێنتەکانی کشتوکاڵی بە ئەلیکترۆنی بکەن و لە مەترسی فەوتان و لەناوچوون بیانپارێزن.