نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت 115 دۆلاری تێپەڕاند

عیراق 12:17 PM - 2026/03/30

دوای ئەوەی حوسییەكان هێرشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێكردەوە ، نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت دەستی بە بەرزبونەوە كردوو 115 دۆلاری تێپەڕاند.

نرخی نەوتی برێنت ئەم مانگە بە رێژەی 59٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە لە ماوەی یەك مانگدا لە دوای شەڕی كەنداو لە ساڵی 1990وە.

هەرچەندە سەرەتا  بەرزبونەوەی نرخی نەوت بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوە بوو ، بەڵام گەڕانەوەی حوسییەكانیش بۆ ناو شەڕ دژی ئیسرائیل بوو بە یەكێك لەو هۆكارانەی ،وا بكات نرخی نەوت روو لە بەرزبونەوە بكات، چونكە حوسییەكان دەتوانن رێڕەوی دەریای سوور كە وەك جێگرەوەیەك بۆ گەرووی هورمز چاوی لێدەكرێت بخەنە مەترسییەوە.

ناتاشا كانێڤا شرۆڤەكاری سەر بە بانكی گۆڵدمان ساكس دەڵێت: شەڕی ئێران چیتر تەنیا پەیوەست نییە بە كەنداو و گەرووی هورمزەوە، بەڵكو شەڕەكە تەشەنەی كردووە بۆ ناو  دەریای سوور.

هاوكات جگە لە بەرزبونەوەی  نەوت ،لەدوای شەڕی ئێرانەوە نرخی هەر تۆنێك ئەلەمنیۆم، زیاتر لە 300 دۆلار بەرزبووەتەوە.كۆمپانیای ئیمارات گڵۆباڵ ئەلەمنیۆم، كە گەورەترین بەرهەمهێنەری كانزاكەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاندووە ، بەهۆی هێرشی ئێرانەوە زیانێكی بەرچاو بەر كارگەكەیان لە ئەبووزەبی كەوتووە.



 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو