دوای سێ ساڵ لە زیان، كەرتی پیشەسازیی چین گەشەیەكی خێرای بەخۆوە بینیوە، هەرچەندە جەنگی ئێران و قەیرانی وزە هەڕەشەن بۆ ئەم سەركەوتنە.
بەپێی دوایین داتاكانی نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی چین، قازانجی كەرتی پیشەسازیی پەكین لە مانگی 1 و 2ی ئەمساڵدا، رێژەی 15% پۆینت 2 بەرزبووەتەوە، هۆكاری ئەم سەركەوتنەش خێرابوونی چالاكییەكانی كارگەكان و بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمەكانە لە بازاڕدا.
بەرزترین رێژەی قازانج لەكەرتی بەرهەمهێنانی تەكنەلۆجیایە، بەجۆرێك بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 58% پۆینت 7 گەشەی كردووە، ئەم بازدانە گەورەیە بۆ گەشەی كۆمپانیاكانی دروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان (درۆن) و ئامێرە زیرەكەكان دەگەڕێتەوە، هاوكات بەرهەمهێنەرانی ماددە خاوەكان و كیمیاییەكان گەشەیەكی بەهێزیان هەبووە و قازانجەكانیان بەڕێژەی 148% پۆینت 2 و 35% پۆینت 9 بەرزبووەتەوە.
ئەمەش لەكاتێكدایە، پێشتر كەرتی پیشەسازیی چین بۆ ماوەی سێ ساڵ لەسەریەك زیانی 5% پۆینت 2ـی تۆمار كردبوو، ئەم گۆڕانكارییەش وەرچەرخانێكی گرنگە بۆ ئابووریی ئەو وڵاتە.
لەگەڵ ئەوەی جەنگی ئێران و قەیرانی وزە مەترسییە، بەڵام پەكین لەهەوڵدایە بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكان، چەند هۆكارێكیش وایكردووە كاریگەری جەنگەكە كەمتربێت و پاڵپشتییەك بێت بۆ ئابوری چین، ئەوانیش: یەدەگی زۆری نەوت و سەرچاوەی وزەی جێگرەوە، هەروەها بەردەوامبوونی ئێران لە ناردنی ملیۆنان بەرمیل نەوتی خاو بۆ چین، بەڵام نرخی نەوت و پچڕانی باركردنی سووتەمەنی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا هەڕەشەن بۆ سەر كارگەكان.
.