وەزارەتی دەرەوەی پاكستان رایگەیاند،دوای هەماهەنگی لەگەڵ تاران 20 كەشتی كە ئاڵای پاكستانیان هەڵگرتووە، بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن.
محەمەد ئیسحاق دار وەزیری دەرەوەی پاكستان لە پلاتفۆڕمی ئێكس نوسیویەتی، خۆشحاڵم كە هەواڵێكی خۆشتان پێ رابگەیەنم، ئەویش رەزامەندی حكومەتی ئێرانە بۆ ڕێگەدان بە تێپەڕبونی 20 كەشتی تر لە گەرووی هورمز ، كە ئاڵای پاكستانیان هەڵكردووە.
بە وتەی محەمەد ئیسحاق دار ،ئەم راگەیاندنە ئەرێنییە هەنگاوێكی گرنگە بەرەو ئاشتی، و هەوڵە بەكۆمەڵەكانیان لەم ئاراستەیەدا بەهێزتر دەكات. گفتوگۆ و دیبلۆماسی، و ئەم جۆرە رێكارانە بۆ بونیادنانی متمانە، تەنها رێگەن بۆ بەرەو پێشچوونی پرسەكە.
ئەمەش لە كاتێكدایە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە،جوڵەی كەشتیوانی لە رێگەی گەرووەكەوە بە تەواوی نزیك بوەوە لە وەستان، دوای ئەوەی تاران رایگەیاند رێگە بەو كەشتیانە نادات بە گەرووەكەدا تێپەڕببن،كە سەر بە ئیسرائیل و ئەمریكا و ئەو وڵاتانەن پشتگیری لە هێرشی دژی ئێران دەكەن .