بەئامانجی نێوەندگیری لەجەنگی ئێران، پاكستانی خاوەن هێزی ئەتۆمی دەستی بە پرۆسەیەكی فراوانی دیپلۆماسی كردووە و چاوەكان لەسەر ئیسلام ئابادە بۆ رزگاربوون لەو دۆخە سیاسی و ئابوورییەی جیهانی تێكەوتووە.
هەبوونی سنوورێكی درێژ لەگەڵ ئێران و مەترسیی جووڵەی گرووپە بەلوجەكان لەسەر سنوورەكان، پاكستانی هانداوە دەست بە پرۆسەیەكی دیپلۆماسی بۆ هێنانە كایەی ئاشتی بكات، لەبارەیەوە شەهباز شەریف، سەرۆك وەزیرانی پاكستان رایگەیاند، وڵاتەكەی هەوڵی دڵسۆزانە دەدات بۆ نێوەندگیری، تاوەكو ناوچەكە و وڵاتانی ئیسلامی لەدەرئەنجامە نەرێنییەكانی ئەم شەڕە رزگار بكات.
بێگومان ئەم هەوڵەی ئیسلامئابادیش بێ ئاستەنگ نابێت، چونكە تەلئەڤیڤ هیچ ئاماژەیەكی نەداوە بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگەكە، پێش ئەوەی بگاتە تەواوی ئامانجە سەربازییەكانی، ئەمەش پرۆسەی نێوەندگیرییەكەی پاكستانی رووبەڕووی ئاستەنگ كردووەتەوە.
هاوكات بۆرسە جیهانییەكان و سەدان كەشتیی نەوتهەڵگرو كارگە گەورەكانی جیهان چاوەڕێی هەوڵەكانی پاكستانن، بەئامانجەكە تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە داراییەی بەهۆی جەنگەكەوە دروستبووە و خەریكە ئابووریی جیهان بەرەو داڕمان دەبات.