سودانی ئیدانەی هێرشكردنە سەر ماڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دهۆك دەكات

کوردستان 12:27 AM - 2026/03/29

*محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی وەزیرانی عیراق ئیدانەی هێرشكردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دهۆك دەكات و بڕیاری پێكهێنانی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەدات.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی وەزیرانی عیراق، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەنجامدا، بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆك وەزیران ، لە پەیوەندییەكەدا محەمەد شیاع سودانی، دوایین پێشهاتەكانی عیراق و ناوچەكە رێگاكانی دەستەبەركردنی ئاسایش و سەقامگیری لەگەڵ سەرۆكی هەرێم تاوتوێ كردووە.
محەمەد شیاع سودانی ئیدانە و رەتكردنەوەی خۆی بۆ هێرشەكەی سەر ماڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پارێزگای دهۆك دەربڕی، هەرەوەها، فەرمانی پێكهێنانی تیمێكی هاوبەشی ئەمنی و تەكنیكی لە دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێم كرد، بۆ لێكۆكینەوە لە رووداوەكە و دەستنیشانكردنی تاوانباران و گرتنەبەری هەموو رێكارێكی یاسایی پێویست بەرامبەریان.
نوسینگەكەی دەڵێت، محەمەد شیاع سودانی پابەندبوونی حكومەتی دووپاتكردەوە بۆ ڕێگریكردن لە هەر لایەنێكی لە یاسا دەرچوو، چ ناوچەیی بێت یان نێودەوڵەتی، لە راكێشانی عیراق بۆ ناو ململانێكانی ناوچەكە، هەروەها پابەندبوونی حكومەتی دووپاتكردەوە بۆ خستنەگەڕی هەموو هەوڵێك بۆ دەستەبەركردنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق لەسەر هەموو ئاستەكان.
ئەمڕۆ، بە شەش درۆن هێرش كرایە سەر دهۆك و هەولێر. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، هێرشەكان زیانی گیانییان نەبووە.
بەپێی بەدواداچوونەكان، لە دەستپێكی جەنگی ئەمریكا - ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە تا ئەمڕۆ، هەرێمی كوردستان بە زیاتر لە 450 درۆن و مووشەك هێرشی كراوەتە سەر و لە ئەنجامدا 14 كەس گیانیان لەدەستداوە و شەهیدبوون و 85 كەسیش بریندار بوون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو