سعوودیە هێڵی نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوا وەك جێگرەوەی گەرووی هورمز بەكاردەهێنێت

عیراق 10:54 AM - 2026/03/29

سعودیە بۆ پاراستنی هەناردەی نەوت و ناوبانگی خۆی وەك دابینكەرێكی متمانەپێكراو لەجیهاندا، پشت بەهێڵی بۆری نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوا دەبەستێت،  لەپێناو كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی داخستنی گەرووی هورمز لەسەر بازاڕی وزە.

راپۆرتێكی ئاژانسی بلوومبێرگ ئاشكرای دەكات، سعودیە لەبری گەرووی هورمز، توانیویەتی بڕی 7 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لەكێڵگەكانی رۆژهەڵاتەوە بۆ بەندەری یەنبوع لەسەر دەریای سوور بگوازێتەوە، لەو بڕە 5 ملیۆن بەرمیلی بۆ هەناردەكردن و 2 ملیۆن بەرمیلەكەی تر بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەكان تەرخان كراوە، هەرچەندە ئەو بڕە نیوەی ئەو نەوتەیە كەپێشتر رۆژانە بەگەرووی هورمزدا تێدەپەڕی، بەڵام شادەمارێكی گرنگە بۆ پاراستنی ئابووری جیهان.

هێڵی نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوا، لە رۆژهەڵاتی سعوودیەوە لەسەر كەنداوی عەرەبی تاوەكو رۆژئاوای ئەو وڵاتە لەسەر دەریای سوور درێژ دەبێتەوە، ئەم هێڵە درێژییەكەی زیاتر لە هەزار كیلۆمەترە و كاراكردنی رۆڵێكی بەرچاوی هەیە لەرێگریكردن لەبەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەبازاڕە جیهانییەكاندا.

هەرچەندە ئەم رێگەیەش بێ‌ مەترسی نییە، چونكە بەهاتنی حوسییەكانی یەمەن بۆ ناو جەنگەكە ئەگەری هەیە دەریای سوور و گەرووی بابل مەندب ببنە بەرەی نوێی ململانێكان، ئەمەش مەترسی بۆ سەر ئەو كەشتییە نەوت هەڵگرانە دروست دەكات كە لە بەندەری یەنبوعەوە بەرەو بازاڕەكان بەڕێدەكەون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو