بەهۆی لێكەوتە ئابوورییەكانی جەنگی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، توركیا ناچار بووە پەنا بۆ فرۆشتنی بەشێكی زۆری یەدەگی زێڕ و دراوی بیانی ببات بۆ رێگریكردن لە داڕمانی لیرەی توركی.
بانكی ناوەندیی توركیا، تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەدا 58 تۆن زێڕی فرۆشتووە، كە بەهاكەی بە زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
ئەم هەنگاوە وەك هەوڵێك بۆ دابینكردنی تێچووی بەرزی وزە و پاڵپشتیكردنی بەهای لیرەی توركی لە بازاڕەكاندا لێكدەدرێتەوە كە لە دوای دەسپێكی شەڕەكەوە كەوتووەتە ژێر فشارێكی توند.
یەدەگی زێڕی توركیا لە هەفتەی یەكەمی مانگی ئاداردا بە بڕی 6 تۆن كەمیكردووە، دواتریش لەهەفتەی كۆتایی مانگی ئاداردا بڕی 52 تۆنی تری لێ فرۆشراوە. بەمەش كۆی یەدەگی زێڕی توركیا بۆ 513 تۆن دابەزیوە، كە ئەمە بە گەورەترین دابەزینی یەدەگی زێڕی ئەو وڵاتە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا هەژمار دەكرێت.
هاوكات لەگەڵ فرۆشتنی زێڕ، كۆی یەدەگی دراوی بیانی توركیا بە بڕی نزیكەی 40 ملیار دۆلار كەمبووەتەوەو گەیشتووەتە نزیكەی 175 ملیار دۆلار.
ئەمە نزمترین ئاستی یەدەگی دراوی بیانی توركیایە لە دوای چارەكی سێیەمی ساڵی 2025ەوە، كە نیشانەی توندی ئەو فشارە داراییە جیهانییەیە كە ڕووبەڕووی ئەنقەرە بووەتەوە.
بانكی ناوەندیی توركیا بۆ پاراستنی بەهای لیرە و ڕووبەڕووبوونەوەی خواستە زۆرەكانی سەر دۆلاری ئەمریكی، پەنای بۆ كەمكردنەوەی یەدەگەكانی بردووە.
ئەم فشارە ئابوورییە راستەوخۆ پەیوەستە بە لێكەوتەكانی جەنگی ئێران و گرانبوونی تێچووی هاوردەكردنی وزە، كە بارگرانییەكی گەورەی لەسەر بودجەی گشتی و دراوی نیشتمانیی وڵاتەكە دروستكردووە.