عراقچی: ئێران مووشەكی مەودای چوار هەزار كیلۆمەتری نییە
عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، تاران خاوەنی مووشەكی مەودای چوار هەزار كیلۆمەتری نییە، دەشڵێت ، هیچ دوژمنایەتییەكمان لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا نییە و نایانەوێت رووبەرووی یەكببنەوە.
عەباس عیراقچی بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی راگەیاند، مووشەكانیان ناتوانن چوار هەزار كیلۆمەتر ببڕن و ئەوان بەمەبەست مەودای مووشەكەكانیان لە خوار دوو هەزار كیلۆمەترەوە هێشتووەتەوە، چونكە مەبەستیان تەنیا بەرگریكردنە بەرامبەر بە دوژمنەكانیان. ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێران نایەوێت لەگەڵ رۆژئاوا ڕوبەڕووبێتەوە و ئەوان هیچ دوژمنایەتییەكیان لەگەڵ گەلانی ئەمریكا و ئەورووپادا نییە، لەبەر ئەوە سنوورداركردنی مەودای مووشەكەكانیان وەك بژاردەیەكی ستراتیجی هێشتووەتەوە نەوەك تەكنیكی.
ئەمەش لەكاتێكدایە بەریتانیا بەرپەرچدانەوەی دوو مووشەكی ئێرانیی لە نزیك بنكەی سەربازیی ئەمریكا و بەریتانیا لە دوورگەی دییەگۆ گارسیا راگەیاند، كە نزیكەی چوار هەزار كیلۆمەتر لە خاكی ئێرانەوە دوورە، ئەمەش ترسی لەلایەن وڵاتانی ئەورووپا درووست كرد، لەكاتێكدا راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان باس لە فراوانبوونی مەودای مووشەكەكانی ئێران دەكەن و دەڵێن، مووشەكەكانیان دەتوانن بگەن بە پاریس، رۆما و لەندەن.بەڵام بەدواداچونە رۆژنامەوانییەكان ئەوە دەردەخەن،كە تائێستا ئەو مووشەكە بالیستیكییانەی ئێران كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە ناویان هێنراوە و ناسراون، درێژترین مەودایان لە نێوان دوو هەزار بۆ دوو هەزار و 500 كیلۆمەترە، لەوانە مووشەكە بالیستیكییەكانی جۆری سجیل، عیماد، قەدر، شەهاب-3 و خوڕەمشەهر