ترەمپ رەخنەی توند لە ناتۆ دەگرێت ناتۆش ئامادەیی بۆ هاوكاری ڕاگەیاند

عیراق 11:16 AM - 2026/03/23

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت بەمزوانە دەزانن چی ڕودەدات سەبارەت بە هۆشداری پەیوەست بە وێستگەكانی كارەبای ئێران و  ئەنجامەكەی زۆر باش دەبێت. وتیشی وڵاتانی ناتۆ هیچ لە دژی ئێران ناكەن، لە وەڵامدا مارك روتە، سكرتێری گشتی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) ڕایگەیاند لە چوارچێوەی گروپێكی 22 وڵاتیدا هاوكاری ئەمریكا دەكەن بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز.
دۆناڵد ترەمپ، رۆژی یەكشەممە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "13"ی ئیسرائیلی ڕایگەیاند: ئەنجامی ئەو مۆڵەتە كۆتایییەی  كە ئاڕاستەی وێستگەكانی وزەی ئێرانم كردووە، نایاب دەبێت، و بەمزوانە ئەوە دەیبینن.
ترەمپ وتیشی: وێرانكارییەكی گشتگیر بۆ ئێران لە ئارادا دەبێت،  ئەمەش بە شێوەیەكی نایاب كار دەكات، ئێران بۆ ماوەی 48 ساڵ زۆر خراپ بووە و ئێستا سزای شایستەی خۆی وەردەگرێت.
سەرۆكی ئەمریكا بە توندی ڕەخنەی لە ناتۆ گرت  و وتی: وڵاتانی ناتۆ هیچ ناكەن لە دژی ئێران، ئەمەش كارێكی زۆر جێی داخە.
ئەوە لەكاتێكدایە بەرەبەیانی یەكشەممە، ترەمپ هەڕەشەی لێدانی دامەزراوەكانی وزەی ئێرانی كرد ئەگەر لە ماوەی 48 سەعاتدا، گەرووی هورمز نەكەنەوە، لە بەرامبەردا تاران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی كرد لەرێگەی بەئامانجگرتنی تەواوی ژێرخانەكانی وزە و تەكنەلۆژیای زانیاریی ئەمریكا  و ئیسرائیل و ناوچەكە.
رۆژی یەكشەممە   مارك روتە، بە كەناڵی فۆكس نیوزی ئەمریكی ڕاگەیاند، هێرشەكانی ئەمریكا بە فەرمانی سەرۆك ترەمپ دژی ئێران كارێكی پێویست بوو، تواناكانی ئێران هەڕەشەی وجودی بۆ سەر ئیسرائیل، ناوچەكە، ئەوروپا و هەموو جیهان دروستدەكات.
وتیشی: گرنگە واشنتن هەنگاو بنێت بۆ لەناوبردنی توانا ئەتۆمی و موشەكیە بالیستییەكانی ئێران، هەرچەندە سەرۆك ترەمپ زۆر بێزار و توڕە بوو لە هاوپەیمانەكانی، چونكە هەستی دەكرد هاوپەیمانانی ئەوروپا زۆر خاون لە هەنگاونان.
مارك روتە وتی: لە چوارچێوەی گروپێكی 22 وڵاتیدا هاوكاری ئەمریكا دەكەین، سەبارەت بە چۆنیەتی كردنەوەی گەروی هورمز.
ناتۆ لەگەڵ ئەمریكا دەبێت بۆ كۆتاییهێنان بەو مەترسییانەی كە لەلایەن تارانەوە روبەڕووی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بونەتەوە، بەتایبەتی لە پرسی ئازادیی كەشتیوانی و رێگری لە پەرەپێدانی چەكی كۆمەڵكوژ.سكرتێری گشتیی ناتۆ وای وت

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو