هەیبەت حەلبوسی: مووچە لەململانێ سیاسییەكان دووربخرێتەوە

عیراق 01:35 PM - 2026/03/18

هەیبەت حەلبوسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق تەئكید لەبەردەوامبوون لە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە و دەڵێت،رێگە نادەن بژێوییان تێكبدرێت و دەبێت مووچە لە ململانێ سیاسییەكان دووربخرێتەوە.

هاوكات ئەنجومەنەكەش لەدانیشتنێكی ئاسایی خۆیدا  بڕیارنامەیەكی هەشت خاڵی پەسەند دەكات و، حكومەتی فیدراڵ پابەند دەكات بەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عیراق خەرجبكرێت.

هەیبەت حەلبووسی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد،  ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رێگە نادات دەست بۆ بژێویی ژیانی هاووڵاتیان ببرێت و فەرمانبەری هەرێمی كوردستان هەمان ئەو فەرمانبەرانەن  كە لە پارێزگاكانی تر عیراق خزمەت دەكەن، حەلبوسی تەئكیدیشی كردەوە لەوەی،بۆ زامنكردنی مافی هەمووان، دەبێت پەنا بۆ دەستوور و یاسا ببرێت و رێگە نەدرێت ململانێ سیاسییەكان كار بكەنە سەر شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

شەوی رابردووش ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی هەناردەكردنی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە كۆبووەوەو بڕیارنامەیەكی هەشت خاڵی لەبارەی پرسی نەوت و مووچە پەسندكرد، كە  تێیدا حكومەتی فیدراڵی پابەند دەكات بە دۆزینەوەی رێگەی نوێ بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو، بەمەبەستی دووركەوتنەوە لەهەر كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر بژێوی خەڵك و مووچەی فەرمانبەران لەسەرتاسەری عیراق،پەرلەمان ئامادەیی نیشانداوە بۆ دەنگدان لەسەر هەر بڕیارێك كە یارمەتی حكومەت بدات لەدۆزینەوەی رێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەی نەوت.

بڕیارنامەكە حكومەتی فیدراڵی پابەند دەكات،دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو سەرچاوەكانی بەرهەمهێنان، گواستنەوەو دابەشكردنی نەوتدا بسەپێنێت و سیستمی ئەسیكۆداش لە هەموو پارێزگاكانی عیراق، بە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیشەوە جێبەجێبكرێت ، هەروەها دەبێت لە كارنامەی داهاتووی حكومەتدا، دەركردنی یاسای نەوت و غاز لە ماوەیەكی دیاریكراودا جێگیر بكرێت و رەوانەی پەرلەمان بكرێت.

بڕیارنامەكە حكومەتی فیدراڵی پابەند دەكات بە دابینكردنی نەوتی رەش بۆ كارگە حكومی و تایبەتەكان، بۆ رێگریكردن لە كەڵەكەبوونی نەوت لە پاڵاوگەكان و بەردەوامیی كارەكانیان، نوێكردنەوەی هێڵی نەوتی عیراق كە لە كەركوكەوە بەرەو رۆژئاوای مووسڵ، زوممار و پیشخابوور دەچێت بۆ گەیشتن بە بەندەری جەیهان.

لە كۆتایی بڕیارنامەكەشدا حكومەتی فیدراڵی پابەند دەكرێت بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، هاوشێوەی فەرمانبەرانی پارێزگاكانی تری عیراق.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو