وەزارەتی داد: چەندینجار هێرشكراوەتە سەر دەورووبەری زیندانی كەرخ

عیراق 11:51 AM - 2026/03/15

وەزارەتی دادی عیراق ئاشكرایدەكات، چەندینجار هێرشكراوەتەسەر دەوروبەری زیندانی كەرخ لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدادی نێودەوڵەتی و هۆشداریش دەدات، بەهۆی هێرشەكانەوە مەترسی لەسەر ئاسایشی زیندانەكە  دروستبووە كە تیرۆریست و كەسانی مەترسیداری تێدایە.

ئەحمەد لعێبی وتەبێژی وەزارەتی دادی عیراق رایگەیاند، ناوچەكانی دەوروبەری فڕۆكەخانەی بەغدادی نێودەوڵەتی و زیندانی فڕۆكەخانە (كەرخی مەركەزی)، چەندینجار رووبەڕووی بۆردوومان بوونەتەوە كە هەندێكیان زۆر نزیك بوون لە زیندانەكە.بە وتەی ئەحمەد لعێبی،بەهێزترین هێرشەكان  سەعات  شەشی ئێوارەی رۆژی شەممە بووە  كە شەش جار نزیك ئەو ناوچەیە كراوەتە ئامانج و مەترسی لەسەر ئاسایشی زیندانەكە  دروستكردووە كە سەدان تیرۆریست و كەسانی مەترسیداری تێدایە.وەزارەتی داد دڵنیایی داوەتە هاووڵاتییانی عیراق لەوەی  رێكاری گونجاو گیراوەتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی زیندانەكە،راشیگەیاندووە، كەوتنەخوارەوەی درۆن یا هەر هێرشێكی تر بۆ نزیك زیندانەكە جێگەی نیگەرانییە ئەوەش بەهۆی دروستكردنی كاریگەریی لەسەر ئاسایش و ژێرخانی ناوچەكە.

ئەوەش لە كاتێكدایە لە ماوەی رابردوودا، ئەمریكا پێنج هەزار و 700 زیندانیی داعش لە سوریا و رۆژئاوای كوردستانەوە گواستەوە بۆ عیراق و بەشێكیان خرانە ئەو زیندانەی بەغدادەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو