پەیامی مەکتەبی سیاسیی بۆ ساڵیادی كیمیاباران و جینۆسایدی هەڵەبجە

کوردستان 03:36 PM - 2026/03/15

یادی ٣٨ ساڵەی كیمیاباران و جینۆسایدی هەڵەبجە، بیرەوەرییەكی خەمناك و زامێكی قووڵی نیشتمانی و نەتەوەییە، بیرەوەری تاڵی تاوانێکی بێ وێنەیە لەسەر دەستی رژێمی بەعس بەرامبەر ئەم شارە و خەڵکەکەی  كرا کە بێگومان تا سەندنەوەی هەقی یەکجارەکی هەڵەبجەش ئەم زامە ساڕێژنەبووە هەروا قوڵپ دەدات

ئەمساڵ كەئەم یادە دەكەینەوە، هەڵەبجە بە هەوڵی بێوچانی دڵسۆزان، بەرەسمی چوارەمین پارێزگای هەرێم و نۆزدەیەمین پارێزگای عێراقی فیدراڵە، بۆیە جیاواز لە ساڵانی رابوورد، ئەركی هەموومانە لە پێناوی هەڵەبجەیەکی ئاوەدان و بوژاوە و سەربەرز  گشت تواناکانمان بخەینەگەڕ تاوەكو ماف و شایستە داراییەكانی وەك پارێزگا لە بوجەی گشتیی عێراقدا بچەسپێنرێت، بەجورێک ئەوەی لە دوای راپەڕینەوە حزب و حکومەت پێشكەشی ئەم شارەی كردوە ، بە خزمەتی چەند قاتە پایەدارتر بکرێت و لەوە زیاتر و زۆرتر بۆ هەڵەبجە بکرێت

جارێکی تر لە ئاست ڕۆح و یادی  پێنج هەزار شەهیدی بە ناهەق خوێن رژاوی بووکی شارەزوور، سەری رێز و نەوازش دادەنەوێنین،  بۆ قوربانیان و یادگارە شیرینەکانی شەهیدانی هەڵەبجەش دەڵێین ئەركمانە هەمیشە بەدەنگ هاواریانەوە بێین و بە تەنگ داخوازییە رەواکانیانەوە بچین

تا ئەبەد هەڵەبجە برینی سارێژ نەبووی نەتەوەیەکە کە هەمیشە لە بیرمانە و لە یاد ناکرێت.

مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو