بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز، دوو هێڵی بۆریی نەوتی سعودیە و ئیمارات بوونەتە جێگرەوە و گرنگییان لە ئاستی جیهاندا بەرزبووەتەوە.
یەكەمیان، هێڵی بۆریی رۆژهەڵات -رۆژئاوای سعودیە ناسراو بە پێترۆلاین، كە نزیكەی 750 میل درێژە و نەوتی خاو لە كەناراوەكانی رۆژهەڵاتی كەنداو دەگوازێتەوە بۆ بەندەری یەنبوع لەسەر دەریای سوور.
توانای گواستنەوەی ئەم بۆرییە دوای فراوانكردنی دەگاتە 7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا. كۆمپانیای ئارامكۆی سعودیە رایگەیاندووە، چاوەڕێ دەكەن لە چەند رۆژی داهاتوودا بە تەواوی توانای خۆی كار بكات.دووەمیان، بۆریی نەوتی خاوی ئەبوزەبییە لە ئیمارات كە بە ئەدكۆپ ناسراوە و نزیكەی 248 میل لە كێڵگە نەوتییەكانی حەبشانەوە بۆ فوجەیرە درێژ دەبێتەوە.
ئەم بۆرییە دەتوانێت رۆژانە 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بگوازێتەوە و دەتواندرێت تواناكەی تا 1.8 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبكرێتەوە.
هیچ كام لەو دوو هێڵە بەگەرووی هورمزدا تێناپەڕن، كە خاڵێكی ستراتیژیی گواستنەوەی نەوتە و لە دوای هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتەوە داخراوە. ئێران ئەو كەشتیانەی كردووەتە ئامانج، كە هەوڵی تێپەڕین بەو رێڕەوە ئاوییەدا دەدەن.
شرۆڤەكارانی وزە دەڵێن، هێڵی پێترۆلاین و ئەدكۆپ دەتوانن بەشێك لەو نزیكەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتە قەرەبوو بكەنەوە كە رۆژانە بەگەرووی هورمز تێدەپەڕین.