بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشە و کەموکووڕییەکانی کەرتی تەندروستی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی کرد و لەگەڵ دکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتییەکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی بەڕێوەبەران و پزیشکان و کارمەندانی کەرتی تەندروستیی پارێزگای سلێمانی کرد کە سەرباری هەموو کێشە و قەیران و گرفتەکانی بەردەمیان، بە هەوڵ و ماندووبوون و شارەزایی خۆیان نەک هەر نەیانهێشتووە کەرتی تەندروستی پەکی بکەوێت، بەڵکو بە شانازییەوە تەندروستیی سلێمانی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراقدا پێشەنگە لە خزمەتکردنی هاوڵاتییاندا.
جێگری سەرۆکوەزیران راشیگەیاند شانازی بە کەرتی تەندروستیی سلێمانییەوە دەکات و دڵخۆشە کە کەرتی تەندروستی لە دەستێکی ئەمیندایە.
دواتر هەڵسەنگاندن کرا بۆ پلانە نوێیەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بۆ باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتییان. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی پشتیوانی خۆی بۆ جێبەجێکردنی پلانە نوێیەکان راگەیاند و ئامادەیی دەربڕی بۆ دابینکردنی ئامێرە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی پلانەکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بە ئاماژەدان بە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و کاریگەریی لەسەر کەرتی تەندروستی، گفتوگۆکرا لەبارەی ئامادەکارییەکان و گرتنەبەری هەندێک رێوشوێنی پێویست. جێگری سەرۆکوەزیران دڵنیاکرایەوە لەوەی کەرتی تەندروستی لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.