وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەڵامی وەزارەتی نەوتی عیراق دەداتەوە

کوردستان 09:51 PM - 2026/03/15

ئەمڕۆ، وەزارەتی نەوتی عیراق داوای دەستپێكردنەوەی هەنادەی نەوت لە هەرێمی كوردستان كرد و رایگەیاند، ئامادەن بۆ هەناردەكردنی 300 هەزار بەمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە، بەڵام هەرێمی كوردستان ژمارەیەك مەرجی لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت داناوە و هیچ پەیوەندییان بە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوت نییە. لەوەڵامی ئەوەدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە شەش خاڵ وەڵامی بەغدادی دایەوە و دەڵێت با تیمە پسپۆرەكان لە سەر ئەو خاڵانەی جێی ناكۆكین دانیشتن بكەن.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا وەڵامی وەزارەتی نەوتی عیراقی دایەوە، كە تێیدا هەرێمی تۆمەتبار كردبوو بەوەی ئامادە نییە نەوت لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا هەناردە بكات.

سامانە سروشتییەكان لە شەش خاڵدا روونكردنەوەی داوە و دەڵێت،  ئەوەی ڕاستی بێت لە راگەیەندراوەكەدا هەموو رەهەندەكانی كێشەكە باس نەكراون و بابەتەكەیان شێواندووە و هەوڵی تۆمەتباركردنی هەرێمی كوردستانیان داوە بۆ چەواشەكردنی رای گشتی. دەشڵێت، حكومەتی ئێستای بەغداد لە مانگی یەكەوە گەمارۆیەكی خنكێنەری بە بیانووی جێگیركردنی سیستمی ئاسیكۆدا خستووەتە سەر هەرێمی كوردستان و رێگە نادات دۆلار بۆ بازرگانەكان بەردەست بێت. لەوكاتەوە هیچ جووڵەیەكی بازرگانی نەماوە.
 
وەزارەتەكە ئاماژە بە هێرشە بەردەوامەكانی سەر كێڵگە نەوتییەكان كردووە و رایگەیاندووە، میلیشیا لەیاسادەرچووەكان هەموو كێڵگە و پاڵاوگەكانی نەوت و غازیان كردووەتە ئامانج؛ لە ئەنجامی ئەم هێرشە تیرۆریستییانەدا، بەرهەمهێنان وەستاوە و هیچ بەرهەمێكی نەوتی لە كوردستان نەماوە تاوەكو هەناردەی دەرەوە بكرێت.

هەروەها سامانە سروشتییەكان رەخنەی تووندی لە حكومەتی عیراق گرتووە و دەڵێت، بەغدا ئامادە نییە رووبەڕووی ئەو هێرشانە ببێتەوە و تاوەكو ئێستا هیچ رێكارێكی كاریگەر بەدی ناكرێت بۆ وەستاندنیان.

 هەروەها باس لە دۆخی دارایی دەكات و دەڵێت، بەشێكی زۆری ئەم هێرشبەرانە لە بەغدا مووچە وەردەگرن، پڕچەك دەكرێن و پارەدار دەكرێن، لەكاتێكدا مووچەی خەڵكی كوردستان هەمیشە دوا دەكەوێت و كەمتر لە گوژمەی پێویست دەنێردرێت. دەشڵێت، هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك ئامادەیی خوی دەربڕیوە كە عیراق و هەرێمی كوردستان لەم قەیرانە دەرباز بكات و ئەمە چەندین جارە داوا لە بەغدا دەكەین گفتگۆیەكی بنیادنەر بوچارەسەری كۆی ئەم كێشانە دەست پێ بكرێت، بەڵام داواكاری ئێمە پشتگوێ خراوە و هەوڵ دراوە ئەجندای نادەستوری و نایاسایی لە سەر هەرێم بسەپێندرێت.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تەئكیدی لەوەكردووەتەوە، ئامادەن بۆ ئەوەی هەرچی زووتر، تیمە پسپۆرەكان لە سەر ئەو خاڵانەی جێی ناكۆكن دانیشتن بكەن و بگەنە ئەنجامێكی خێرای وا كە هەموو عیراق لیێ سوودمەند بێت و كوردستانیش چیتر ستەمی لێ نەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو