دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا داوا لە پێنج وڵاتی زلهێز دەكات، هێزی دەریایی رەوانەی گەرووی هورمز بكەن ، دەشڵێت،پاراستنی هاتوچۆی نەوت ئەركێكی نێودەوڵەتییە و ئەمریكا هاوكاریتان دەكات.
دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی نووسیویەتی، زۆرێك لەو وڵاتانەی بە داخرانی گەرووەكە زیانمەند بوون، كەشتی جەنگی دەنێرن و لەگەڵ ئەمریكا هەماهەنگی دەكەن.
ترەمپ تەئكیدی كردووەتەوە كە ئەو وڵاتانەی نەوتیان لەو رێگەیەوە پێدەگات، دەبێت خۆیان پارێزگاری لەو رێڕەوە بكەن و ئەمریكا تەنیا هاوكارییان دەكات. لە كۆتایی پەیامەكەیدا ترەمپ ئاماژەی بەوەكردووە پاراستنی گەرووەكە دەبوو هەوڵێكی بەكۆمەڵ و تیمێكی نێودەوڵەتی بوایە، ئێستاش ئەو پلانە دەبێتە راستی.
رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز ئاشكرایكردووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، بەرەسمی داوای لە وڵاتانی چین، فەرەنسا، ژاپۆن، كۆریای باشوور و بەریتانیا كردووە هێزی دەریایی بنێرن بۆ ناوچەكە. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی هاوكاریكردنی واشنتۆنە لە كردنەوەی گەرووی هورمز بە زەبری هێز.
ئەم بڕیارەی ترەمپ دوای ئەوە دێت كە ئێران بە كردەیی گەرووی هورمزی داخستووە و هەڕەشەی تەقەكردن لە هەر كەشتییەك دەكات كە بیەوێت پێیدا تێپەڕێت. لە ئەنجامی ئەم ئاڵۆزییانەشدا، نرخەكانی نەوت و غاز لە بازاڕەكانی جیهاندا بە شێوەیەكی خێرا بەرزبوونەتەوە.