سۆمۆ: بە ئامانجگرتنی كەشتییەكانی نەوت كاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری عیراق دەبێت

عیراق 12:46 PM - 2026/03/12

 

دوای ئەوەی دوو كەشتی نەوتهەڵگر لە كەناراوەكانی عیراق، بەدیاریكراوی لە بەندەری فاو كرانە ئامانج، كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عیراق "سۆمۆ" هۆشداری لە تێكچوونی ئاسایشی دەریایی دەدات و رایدەگەیەنێت، بەئامانجگرتنی كەشتییەكان زیانی گەورە بە ئابووری عیراق دەگەیەنێت.
كۆمپانیای "سۆمۆ" لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم جۆرە هێرشانە كاریگەری نەرێنی راستەوخۆیان لەسەر ئاسایش و دۆخی ئابووریی عیراق دەبێت.
روونیشیكردووەتەوە، یەكێك لەو كەشتییانەی هێرشی كراوەتەسەر، ئاڵای دوورگەكانی مارشاڵی هەڵكردووە. كەشتییەكە لەلایەن كۆمپانیایەكی عیراقییەوە بە كرێ گیراوە كە گرێبەستی رەسمی لەگەڵ كۆمپانیای سۆمۆدا هەیە. هەروەها كەشتییەكەی تر كە كراوەتە ئامانج، ئاڵای وڵاتی ماڵتای لەسەر بووە. ئەم كەشتییە بەرهەمەكانی كۆمپانیای غازی بەسرەی باركردووە و لەكاتێكدا لە ناوچەی باركردنی لاوەكی لە كەناراوەكانی عیراق بووە، هێرشی كراوەتەسەر.
كۆمپانیای سۆمۆ تەئكیدی كردووەتەوە، ئەم رووداوانە تەنها زیانی ئابووری نین، بەڵكو هەڕەشەیەكی جددین بۆ سەر سەلامەتی كەشتیگەلی دەریایی و چالاكییە نەوتییەكان لە كەناراوەكانی عیراق، ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر ناوبانگی بازرگانی وڵات دەبێت. 
هەرچەندە تائێستا هیچ لایەنێك بەرەسمی بەرپرسیارێتی بە ئامانجگرتنی  كەشتییەكانی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام بە ئامانجگرتنی كەشتییەكان لەكاتێكدان، بەشێكی بەرچاوی نەوتی عیراق لە ڕێڕەوە ئاوییەكانی خوارووی وڵات و بە گەرووی هورمزدا رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێت.
 لە دەستپێكردنی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل-یش بۆ سەر ئێران، گەرووی هورمز كە رێرەوێكی ستراتیژییە و 20%ی نەوت و غازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، خەریكە بە تەواوی هاوتووچۆ تێیدا پەكیدەكەوێ، چونكە ئێران كۆنتڕۆڵی بەشێكی زۆری گەرووەكەی بەدەستە و وەك تۆڵەكردنەوەیەك دەڵێت، ئەو كەشتییانە دەكاتە ئامانج كە بەبێ مۆڵەت دەیانەوێت لەو رێڕەوە ئاوییەوە تێپەڕ ببن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو