نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت بۆ 87 دۆلار دابەزی

عیراق 11:44 AM - 2026/03/11

 
دوای پێشنیاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بۆ كردنەوەی یەدەگی ستراتیجی و پەرەسەندنی هێرشە دەریاییەكانی ئەمریكا لە گەرووی هورمز، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دابەزینی بەخۆوە بینی. هاوكات ترەمپیش هۆشداری دایە ئێران و رایگەیاند، دەستبەجێ  ئەو مینانە هەڵبگرنەوە كە لە گەرووی هورمز چاندوتانە.
ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ كردنەوەی بازاڕەكانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باكوور 23 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێكی بە 87 دۆلار و 57 سەنت مامەڵەی پێوەكرا. هاوكات نرخی نەوتی سووكی تەكساسی ئەمریكاش 37 سەنت دابەزی و گەیشتە 83 دۆلار و 8 سەنت.بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی ، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشنیاری بۆ وڵاتانی ئەندام كردووە كە زیاتر لە 182 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی نەوتی خۆیان بخەنە بازاڕەوە. ئەم هەنگاوە هاوشێوەی ئەو رێكارەیە كە لە ساڵی 2022 و دوای هەڵگیرسانی شەڕی ئۆكرانیا گیرایە بەر بۆ رێگریكردن لە بەرزبوونەوەی شێتانەی نرخەكان بەهۆی ئاڵۆزییەكانەوە.
هاوكات دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە نوێترین پەیامیدا هەڕەشەی توندی لە ئێران كردووە و داوای لێكردوون دەستبەجێ هەموو ئەو مینانە هەڵبگرنەوە كە لە گەرووی هورمز دایانناوە. ترەمپ تەئكیدی كردووەتەوە كە ئەگەر تاران پابەندی ئەم داوایە نەبێت، ڕووبەڕووی هێرشی زۆر توندتر دەبێتەوە كە كاریگەرییەكی كوشندەیان لەسەر ژێرخانی سەربازیی ئەو وڵاتە دەبێت.
هێزی دەریایی ئەمریكاش رایگەیاندووە 16 كەشتیی ئێرانییان كردووەتە ئامانج، كە سەرقاڵی چاندنی مین و تەقەمەنی بوون لە گەرووی هورمز. ئەم هێرشە لە چوارچێوەی گەورەترین هێرشی ئاسمانی هاوبەشی ئەمریكا و ئیسرائیلدایە كە شەوی سێشەممە بۆ سەر چەندین ئامانجی جیاواز لە ناوخۆی ئێران ئەنجامدرا.
گەرووی هورمز گرنگترین و هەستیارترین رێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتییە و بەشادەماری خوێنی رەشی جەستەی جیهان دادەنرێت، چونكە  بەشێكی زۆری پێداویستی جیهان لەنەوت و غاز بە گەرووی هورمز تێپەڕدەبێت،لەم گەروەوە هەناردەی بازاڕەكان دەكرێن، كە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئابووریی جیهان و  سیاسەتی نێودەوڵەتی بەگشتی هەیە.


بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو