بە مەبەستی زیادكردنی داهاتی گشتی، حكومەتی عێراق بڕیاری گەڕاندنەوەی باجی سەر كارتەكانی ئینتەرنێتی خستە بواری جێبەجێكردنەوە و سەرجەم كۆمپانیاكانیشی لە عیراق و هەرێمی كوردستان پابەند كرد كە نرخەكان زیاد بكەن.
بەپێی نووسراوێك كە ئیمزای عەلی ڕەئوف حەموود، بەڕێوەبەری ژێرخانی وەزارەتی پەیوەندییەكانی عیراقی لەسەرە، لە دوای كۆبوونەوەیەك لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیاكان بڕیاردراوە لە ڕۆژی 10ـی ئاداری 2026ـەوە كار بەم نرخە نوێیە بكرێت.بڕیارەكە تەنیا ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق ناگرێتەوە، بەڵكو ئەو كۆمپانیایانەشی لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن و مۆڵەتیان لە وەزارەتی پەیوەندییەكانی عیراق وەرگرتووە، دەبێت پابەندی زیادكردنی باجەكە بن. ئەم باجە هەردوو جۆری كارتی پڕكردنەوە و سیستمە ئەلیكترۆنییەكانیش دەگرێتەوە.
حكومەتی عیراق لە ساڵی 2023 باجی سەر كارتی ئینتەرنێت و مۆبایلی لابردبوو، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەی رۆژی 16ـی كانوونی یەكەمی 2025، بڕیاریدا بە دووبارە گەڕاندنەوەی باجی 20% بۆ سەر نرخەكان. ئەم هەنگاوە وەك بەشێك لە پلانی حكومەت بۆ زیادكردنی داهاتی نانەوتی لە بودجەی وڵاتدا دەبینرێت.