بەمەبەستی كۆنترۆكردنی هەڵكشانی نرخی غازی شلی ماڵان، هاووڵاتیان لەرێگەی كارتی ئەلكترۆنییەوە دەتوانن لە ماوەی 30 رۆژدا دوو بتڵی غاز بە نرخی رەسمی هەشت هەزار و 500 دینار وەربگرن.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم بڵاویكردەوە، وەك هەنگاوی یەكەم لەپارێزگای هەولێر بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی پارێزگاكە ئەمڕۆ لەڕێگای بریكارەكانی گەڕۆكەوە و بەكارتی ئەلكترۆنی دەست بە دابەشكردنی غاز بۆ ماڵان دەكات. پرۆسەكە بە جۆرێكە لە ماوەی 30رۆژدا هەر هاوڵاتییەك دەتوانێت لە ڕێگای ئەم سیستەمە بەكارتی ئەلكترۆنی 2 بوتڵی غاز بە نرخی رەسمی هەشت هەزار و 500 دینار لە ڕێگای بریكارەكانی غاز فرۆشەكانی گەڕۆك وەربگرێت. هەر ئەمڕۆش لە چەند گەڕەكێكی پارێزگای هەولێر بوتڵی غازی ماڵان بەنرخی رەسمی هەشت هەزارو پێنج سەد دینار بە كارتی ئەلكترۆنی دەفرۆشرێتە هاوڵاتیان. لە ڕۆژانی داهاتووشدا لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی پارێزگاكانی تر سیستەم و رێگای گونجاو دەگیرێتەبەر.