قوباد تاڵەبانی، لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بە جیا سەردانی سێ سەرکردە و تێکۆشەری دێرینی یەکێتی، بەڕێزان مولازم عومەر و عومەر فەتاح و عوسمانی حاجی مەحمودی کرد.
لە دوای سەردانەکە، قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکدا بڵاوی کردەوە کە ئەوان هەمێشە شانازی بە سەرکردە و تێکۆشەرە دێرینەکانەوە دەکەن، ئەو سەرکردە و تێکۆشەرانەی کە پاڵەوانی رۆژانی سەخت و پڕمەترسی بوون و مێژووی نیوسەدەی رابردوو گەلەکەمان بەبێ باسکردنی رۆڵ و کاریگەری هەر یەکێکیان مێژوویەکی ناتەواوە.
لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو سێ سەرکردەیەی یەکێتی هاوسەنگەر و هاوڕێی بە وەفای سەرۆک مام جەلال بوون و بۆچوون و ئامۆژگارییەکانیان هەمیشە پڕبایەخن و رێنیشاندەرن بۆ گرتنەبەری رێگەی دروست بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان، ئەو دەستکەوتانەی کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و رەنج و ماندووبوونی تێکۆشەرە دێرینەکانن.