دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، لەبارەی بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخەكانی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان، دڵنیایی دەدات كە ئەم دۆخە كاتییە و دوای كۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، نرخەكان بە خێرایی ڕوو لە دابەزین دەكەنەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە پلاتفۆڕمی ترووس سۆشیاڵ نوسیوێتی، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاتییە. ترەمپ ئاماژەی بەوە شكردووە، دوای كۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، نرخەكان بە خێرایی دادەبەزنەوە و جیهان سەلامەتی و ئاشتی بەخۆیەوە دەبینێت .
بۆ یەكەمجار لە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ، نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەكاندا بەربەستی 100 دۆلاری شكاند و نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 115 دۆلار.
سەرچاوە ئابوورییەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن،پەلكێشكردنی وڵاتانی كەنداو بۆ ناو شەڕەكە، كە جومگەی سەرەكی بەرهەمهێنانی وزەی جیهانن، ترسێكی گەورەی لای وەبەرهێنەران دروستكردووە. پەككەوتنی گەرووی هورمز و كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەكە وایكردووە بازاڕی وزە رووبەرووی شۆكێكی گەورە بێتەوە.