بانكی ناوەندیی عیراق لە راگەیەندراوێكدا دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان كە یەدەگی دراوی بیانیی وڵات لە ئاستێكی "دڵنیاكەرەوە"دایە و بەشی 12 مانگ دەكات. دڵنیایش دەدەدا كە پلانیان بۆ دابینكردنی مووچە و خەرجییە سەرەكییەكان هەیە.
ئەنجومەنی كارگێڕیی بانكی ناوەندیی عیراق بەمەبەستی "بەدواداچوونی پێشهاتە ئابووری و داراییەكان و هەڵسەنگاندنی پێشبینییەكانی داهاتوو لەژێر رۆشنایی پێشهاتە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان" كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجامدا، دوای كۆبوونەوەكە بانكەكە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، بەپێی راگەیەندراوەكە، بانكی ناوەندی هەڵسەنگاندنێكی گشتگیری بۆ دۆخی بازاڕەكان كردووە و باسی لەوەكردووە كە ئامادەیی تەواو و ئامرازی كاریگەری هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهاتە جیاوازەكان.
بانكی ناوەندی لە راگەیەندراوەكەدا چوار خاڵی سەرەكیی خستووەتەڕوو كە ئەوانیش بریتیین لە، بانكەكە خاوەنی ئاستێكی بەهێزی بەربەستی دارایی و یەدەگی دراوی بیانیی دڵنیاكەرەوەیە لە ئاستێكی سەلامەت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ رووبەرووبوونەوەی هەر هەڵبەز و دابەزێكی ئابووری.
هەروەها، ئەنجومەنی كارگێڕیی بانكەكە گفتوگۆی لەسەر چەندین جێگرەوە كردووە بۆ دڵنیابوون لە دابینكردنی مووچە و خەرجییە سەرەكییەكان لە مانگەكانی داهاتوودا، بەجۆرێك سەقامگیریی ئابووری و بژێویی هاووڵاتیان بپارێزرێت.
بەپێی راگەیەندراوەكە، بانكی ناوەندی بەردەوام دەبێت لە "پشتگیریكردنی سیوولەی بانكەكان" بۆ مسۆگەركردنی سەقامگیریی كارە بانكییە رۆژانەكان و دابینكردنی خزمەتگوزارییە داراییەكان بۆ هاووڵاتیان و كەرتی تایبەت.
بانكەكە تەئكیدلەوە دەكاتەوە، گواستنەوە داراییە دەرەكییەكان بۆ داپۆشینی تێچووی هاوردەكردن و پارەدانە نێودەوڵەتییەكانی تر بەردەوام دەبن، ئەمەش بۆ دڵنیابوون لە "سەقامگیریی جووڵەی بازرگانیی دەرەكی و دابینكردنی كاڵا و خزمەتگوزارییەكان لە بازاڕی ناوخۆدا.