كۆمپانیاكانی نەوت كارمەندەكانیان لە عیراقەوە بۆ كوەیت دەگوازنەوە بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەكانو مەترسییەكانی جەنگی ئێران، كۆمپانیا زەبەلاحەكانی نەوت لە عیراق دەستیان بە كشانەوەی كارمەندە بیانییەكانیان كردووە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی عیراقییەوە ئاشكرایكردووە، چەندین كۆمپانیای بیانیی بواری نەوت لەوانە (هالیبێرتۆن، كەی بی ئاڕ و شلومبێرگەر)، دەستیان كردووە بە پڕۆسەی گواستنەوەی كارمەندە بیانییەكانیان لە كێڵگە نەوتییەكانی عیراقەوە بەرەو وڵاتی كوەیت.
پڕۆسەی گواستنەوەی كارمەندەكان لە رێگەی دەروازەی سنووری سەفوانەوە ئەنجام دەدرێت.
دامەزراوە داراییو ڕاوێژكارییە نێودەوڵەتییەكانیش هۆشداریی توندیان داوە لەبارەی لێكەوتە چاوەڕوانكراوەكانی بەردەوامبوونی جەنگی ئێران.
ئەو دامەزراوانە ئاماژە بەوە دەكەن بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە، مەترسییەكی جددی لەسەر دابینكردنی وزەی جیهانی دروست بووە، ئەمەش ئەگەری وەستانی بەشێكی زۆری بەرهەمهێنانو هەناردەكردنی نەوت لە ناوچەكەدا زیاد دەكات.