بەهۆی جەنگی ئێرانو راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانەوە، بازاڕی زێڕ لە دوبەی رووبەڕووی سستبوونێكی بێوێنە بووەتەوە و بازرگانان ناچارن بە داشكاندنی زۆرەوە زێڕەكانیان بفرۆشن، بەڵام كڕیاران بەهۆی نەبوونی گەرەنتی گەیاندنەوە خۆیان لە كڕینی بەدوور دەگرن.
جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتەهۆی پەككەوتنی جووڵە بازرگانییەكان و داخستنی بازاڕەكانی بۆرسە. لە وڵاتانی عەرەبی، كانزا بەنرخەكان بە داشكاندنی 30 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك (بە بەراورد بە نرخی لەندەن) دەفرۆشرێن، بەڵام بازاڕێكی ئەوتۆیان نییە. كڕیاران ئامادە نین تێچووی زۆری گەیاندن و بیمە بدەن لەكاتێكدا هیچ گەرەنتییەك نییە بۆ گەیاندنی خێرای بارەكان.
وڵاتانی عەرەبی بە گشتی زێڕ و خشڵەكانیان لە ڕێگەی ئاسمانییەوە هەناردە دەكەن، بەڵام بەهۆی جەنگەوە زۆربەی گەشتەكان راگیراون.
ئیمارات و بە تایبەتی دوبەی، كە ناوەندێكی سەرەكیی بەرهەمهێنان و هەناردەی زێڕە بۆ ئاسیا و خاڵی ترانزێتە بۆ سویسرا و بەریتانیا، جووڵەی بازرگانیی تێدا پەككەوتووە. بازرگانان بەهۆی مەترسیی ڕێگاكانەوە ئامادە نین زێڕەكانیان لە رێگەی وشكانییەوە بگوازنەوە.
ئیمارات 10%ـی زێڕی هەناردەكراوی خۆی بۆ وڵاتی هیندستان دەنێرێت. رینێشا چێنانی، بەرپرسی توێژینەوە لە كۆمپانیای ئۆگمۆنت ئینتەرپڕایز ڕایگەیاند، ژمارەیەكی زۆر لە باری زێڕەكان راگیراون و نەگەیشتوونەتە هیندستان. ئاماژەی بەوەش كرد، كۆگاكانی هیندستان بەشی پێویستیان تێدایە، بەڵام ئەگەر ئەم دۆخە زیاتر لە 3 مانگ بخایەنێت، گرفتێكی گەورەی دابینكردن لە بازاڕەكاندا دروست دەبێت.
سەرەڕای سستیی بازاڕ لە ناوچەكەدا، بەهای زێڕ لەسەر ئاستی جیهانی بە بەرزی ماوەتەوە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی زێڕ نزیكەی سەدا 20 بەرزبووەتەوە، ئێستاش نرخی یەك ئۆنسە زێڕ لە بازاڕە جیهانییەكاندا لە سەرووی پێنج هەزار دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەكرێت و پێشبینیش دەكرێت بەرزتر ببێتەوە.