دوو رۆژە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە بەتەواوی راگیراوە.
گەلی كودستان زانیویەتی، كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، بەوەزارەتی نەوتی فیدراڵییان راگەیاندووە، بەهۆی ئەم دۆخەی لە ناوچەكەدا دەگوزەرێت، ناتوانن كارەكانیان بەردەوامی پێبدەن و تاوەكو هێوربوونەوەی دۆخەكە كارەكانیان رادەگرن.
ئەو كۆمپانیا بیانیانەی لە هەرێمی كوردستان نەوت بەرهەم دەهێنن دەڵێن، بەهۆی تێكچوونی دۆخی ئەمنیی ناوچەكەوە بەرهەمهێنانیان ڕاگرتووە، كە بڕەكەی زیاتر لە 250 هەزار بەرمیل نەوت بووە، لەو بڕەش 200 بۆ 210 هەزار بەرمیلی لە ڕێگەی بۆرییەوە دەگوازرایەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لەسەر دەریای ناوەڕاست.
ڕۆژی شەممە 1ی ئاداری 2026، لەدوای دەستپێكردنی هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا بۆ سەر ئێران، كۆمپانیای دانەغاز كاركردنی لە كێڵگەی غازی سروشتیی كۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕاگرت، ئەمەش كێشەی گەورەی بۆ كارەبای هەرێمی كوردستان دروستكرد و پێدانی كارەبا بۆ كەمتر لە 10 سەعات لە ڕۆژێكدا كەمبووەوە.
لای خۆیەوە موزهر محەممەد ساڵح، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری ئابووری وتوویەتی، داخستنی گەرووی هورمز ئاڵنگارییەكی قورسە بۆ ئابووریی عیراق، چونكە بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بەو رێڕەوە ئاوییە دەبەستێت بۆ هەناردەكردنی نەوت و لەسەدا 94ی نەوتەكەی لە رێگەی بەندەرەكانی باشوورەوە هەناردە دەكرێت.
هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، یەكێكە لە مەرجە سەرەكییەكانی دابینكردنی مووچە لەلایەن بەغدادەوە، بەڵام بەوتەی سەرچاوەیەك لە وەزارەتی سامانە سروشییەكان، پێناچێت ئەم ڕاگرتنە گرفت بۆ دابینكردنی مووچە دروستبكات، چونكە ڕاگرتنەكە لە دەرەوەی ئیرادەی هەرێمی كوردستانە.
وەزارەتی نەوتی عیراقیش هۆشداری داوە، ئەگەر دۆخەكە تاوەكو 25 رۆژی تر بەمشێوەیە بەردەوام بێت و نەوت هەناردە نەكرێت، ئەوا كێشەیەكی گەورە بۆ ئابووری عیراق دروست دەبێت.