مانگی سووری ئێرانی: زیاتر لە هەزار جار هێرشكراوەتە سەر ئێران

عیراق 02:03 PM - 2026/03/03

 مانگی سووری ئێرانی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، لەدەستپێكی هێرشەكان واتا لە بەیانی رۆژی شەممەوە، هەزار و 39 هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تۆماركراون، ئاماژەی بەوەشكرد هێرشەكان 153 شاری ئێرانیان كردووەتە ئامانج.

لە ئەنجامی هێرشەكانیش، 787 كەس كوژراون. لە ئەنجامی هێرشە مووشەكییەكان 504 شوێن زیانیان بەركەوتووە
پێشتر، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریكا (سێنتكۆم) كە سەرپەرشتی هێزەكانی  ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات رایگەیاندبوو، لە 48 سەعاتی یەكەمی هێرشكردنە سەر ئێران زیاتر لە هەزار و 250 ئامانج بۆردوومانكراون.

زانیارییەكان باس لەوەدەكەن، هێڵەكانی ئینتەرنێت لە زۆرینەی پارێزگاكانی ئێران پچڕاون، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی دەستگەیشتن بە زانیارییەكانی تایبەت بە هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل و ژمارەی قوربانییەكان لە ناوخۆی وڵاتەكە بە تەواوی سنووردار بێت و گواستنەوەی هەواڵەكان رووبەڕووی ئاستەنگ ببێتەوە.

تۆڕی نێت بلۆكس، كە تۆڕێكی جیهانیی تایبەتە بە چاودێریكردنی ئینتەرنێت لە جیهاندا، ئاماژەی بەوەكردووە، 97%ـی ئینتەرنێتی ئێرانییەكان پچڕاوە. ئەو ئامارە نیشانەی وەستانی نیمچە گشتیی پەیوەندییە ئەلیكترۆنییەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە لە ناو خاكی ئێراندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو