كۆمپانیای قەتەر ئینێرجی: بەهۆی هێرشەكانەوە بەرهەمهێنانی غازمان راگرت

عیراق 09:48 AM - 2026/03/03

 كۆمپانیای قەتەر ئینێرجی راگرتنی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی شلی ( ئێڵ ئێن جی) راگەیاند، بەو هۆیەوە نرخی غاز لە بۆرسەی ئەوروپا بە رێژەی 30% بەرزبوونەوەی تۆماركرد.

كۆمپانیای قەتەر ئینێرجی كە سەر بە دەوڵەتە، ئاشكرای كرد، دوای هێرشەكانی ئێران بۆ سەر دوو بنكەی سەرەكیی پرۆسێسكردنی غاز، بڕیاری راگرتنی بەرهەمهێنانیان داوە.

ئاماژە بەوە دراوە كە نەبوونی رێگەی سەلامەت بۆ هەناردەكردن و داخستنی گەرووی هورمز، وایكردووە بڕێكی زۆر لە غازەكە لە رێڕەوە ئاوییەكاندا كەڵەكە ببێت و نەتوانرێت رەوانەی ئاسیا و ئەوروپا بكرێت.
هێرشە سەربازییەكان دامەزراوەكانی قەتەر ئینێرجییان لە شاری پیشەسازیی (رەس لەفان) و شاری پیشەسازیی (مەسەعید) كردووەتە ئامانج، كە نزیكەی 80 كیلۆمەتر لە دەوحەی پایتەختەوە دوورن. یەكێك لە هێرشەكان وێستگەی كارەبای مەسەعیدی پێكاوە، كە ناوەندێكی سەرەكیی بەرهەمهێنانی گازی سروشتییە لەو وڵاتەدا.

پێشتر، بانكی گۆڵدمان ساكس هۆشداری دابوو كە ئەگەر ئاڵۆزییەكان و داخستنی گەرووی هورمز بەردەوام بێت، ئەوا نرخی غازی شل لە بازاڕە جیهانییەكاندا بە رێژەی 130% بەرز دەبێتەوە. ئەم راگرتنەی قەتەر ئینێرجی لە كاتێكدایە كە فشارەكان لەسەر بازاڕی وزە بەهۆی جەنگی ناوچەكە گەیشتووەتە ئاستێكی بەرز.

قەتەر دووەم گەورەترین هەناردەكاری غازی جیهانە و مەیدانی باكوور لەو وڵاتە، نزیكەی 10%ـی یەدەگی غازی سروشتیی ناسراوی جیهان لەخۆدەگرێت.
قەتەر ئینێرجی لە ساڵانی ڕابردوودا گرێبەستی درێژخایەنی بۆ بەرهەمهێنانی غازی سروشتی شلی ( ئێڵ ئێن جی) لەگەڵ كۆمپانیاكانی تۆتاڵی فەرەنسی، شێڵی بەریتانی، پترۆنێتی هیندی، سینۆپێكی چینی و ئینی ئیتاڵی ئیمزا كردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو