بەریتانیا رەزامەندی بە ئەمریكادا بنكە سەربازییەكانی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكاربهێنێت

عیراق 12:28 PM - 2026/03/02

كییەر ستارمەر سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند،وڵاتەكەی بەشداریی راستەوخۆ لە هێرشەكانی سەر ئێران ناكات بۆ ئەوەی هەڵەی عیراق دووبارە نەبێتەوە، بەڵام بۆ پاراستنی هاوبەشەكانیان رێگەیان بە ئەمریكا داوە بنكە سەربازییەكانی بەریتانیا بۆ لێدانی تاران بەكاربهێنێت، هاوكات هۆشداری دەدات كە هێرشەكانی ئێران مەترسییان بۆ سەر 200 هەزار هاووڵاتییان لە ناوچەكە دروست كردووە.
سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا لە پەیامێكدا سەبارەت بە ئاڵۆزییەكانی ناوچەی كەنداو ڕایگەیاند، لەندەن بە هیچ شێوەیەك بەشداریی لەو هێرشانەدا نەكردووە كە كراونەتە سەر ئێران.

ئاماژەی بەوەشكرد ، ئەوان هەمیشە لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەكان بوون لە رێگەی گفتوگۆوە، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی ئێرانەوە دۆخەكە گەیشتووەتە ئەم ئاستە سەربازییە.

سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا ئاشكراشیكرد، ی ئەمریكا داوای لێكردوون بنكە سەربازییەكانی بەریتانیا بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكاربهێنن. ستارمەر وتی، لە پێناو پاراستنی هاوبەشەكانان ڕەزامەندییان داوە بنكەكانیان بەكاربهێنرێن، بەڵام نایانەوێت بەشداریی ڕاستەوخۆ بكەن تاەهەمان هەڵەی پێشووی جەنگی عیراق دووبارە نەبێتەوە.

بەپێی وتەی ستارمەر، لە دوو رۆژی رابردوودا ئێران هێرشی كردووەتە سەر چەند وڵاتێك كە هێرشیان نەكردبووە سەر تاران، لەوانە بە ئامانجگرتنی فڕۆكەخانە و هۆتێلەكان كە هاووڵاتیی بەریتانییان تێدا بووە. ستارمەر ڕایگەیاند، زیاتر لە 200 هەزار هاوڵاتی بەریتانی لەو ناوچانە دەژین یان بۆ گەشتوگوزار لەوێن، كە ئێستا ڕووبەڕووی مەترسیی جدی بوونەتەوە و داوایان لێكراوە پەیوەندی بە نووسینگەكانیانەوە بكەن.
هاوكات سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا نیگەرانیی خۆی لەبارەی سەلامەتیی هێزەكانی وڵاتەكەی دەربڕی و ڕایگەیاند، هێزەكانی بەریتانیا لە بەحرەین ڕووبەڕووی مەترسیی ڕاستەوخۆ بوونەتەوە. ستارمەر دووپاتی كردەوە كە پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و سەربازەكانیان مافێكی ڕەوایە و لەم پێناوەشدا هەموو هەماهەنگییەك لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان ئەنجام دەدەن بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی زیاتری مەترسییەكان.
ئەمەش لە كاتێكدایە بەریتانیاپێی وایە ، هاوپەیمانان هیچ ستراتیژییەكیان بۆ بەڕێوەبردنی عیراق لە دوای  پرۆسەی ئازادی و رووخانی ڕژێمی بەعس نەبووە، ئەمەش لێكەوتەی كارەساتباری بۆ وڵاتەكە لێ كەوتووەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو