لەپێناو رێگریی لەپەككەوتنی بازاڕەكانی وزەی جیهانی و گەڕانەوەی سەقامگیری لە نرخەكاندا، بڕیارە لەمانگی نیسانی داهاتوو، 8 وڵاتی ئەندام لە هاوپەیمانیی ئۆپێك پڵەس بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بكەن.
دوای تێكچوونی دۆخی ئەمنی و داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، مەترسیی گەورە بۆ سەر دابینكردنی وزە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروست بووە، هەربۆیە وڵاتانی سعودیە، روسیا، عیراق، ئیمارات، كوێت، كازاخستان، ئەلجیریا و عومان لە كۆبوونەوەیەكی ڤیدیۆییدا رێككەوتن لەسەر زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت، بڕیارە لەمانگی نیسانەوە، بڕی 206 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا زیاد بكەن، كە بەشێكە لەو 1 ملیۆن و 65 هەزار بەرمیلەی لە نیسانی 2023دا كەمكرابووەوە، وڵاتانی ئۆپیك پڵەس تەئكید لەوریایی مامەڵەكردن دەكەنەوە و ئامادەن بۆ هەر گۆڕانكارییەك لە زیادكردن، راگرتن یان پێچەوانەكردنەوەی بەرهەمهێنان بەپێی پێویستیی بازاڕ.
هاوكات بڕیاردراوە لە 5ـی نیسانی 2026 كۆبوونەوەیەكی تر بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەكە و پێداچوونەوە بە بڕیاری كەمكردنەوەی 2.2 ملیۆن بەرمیلەكەی تشرینی دووەمی 2023 ئەنجام بدەن.
زیادكردنی بەرهەمهێنانی ئەم وڵاتانە لە كاتێكدایە ئێران گەرووی هورمزی بە تەواوەتی داخستووە و رێگە بەتێپەڕبوونی هیچ كەشتییەك نادات، گەرووی هورمز شادەمارێكی سەرەكیی وزەی جیهانە و رۆژانە زیاتر لە 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لێوە تێدەپەڕێت، كە دەكاتە نزیكەی سەدا 20 ی كۆی گشتیی نەوتی بەكارهاتوو لە جیهاندا.