بەهای دۆلاری ئەمریكی لەبەرامبەر دیناری عیراقی لە بازاڕەكاندا بەراورد بەو بەهایەی بانكی ناوەندی دیاریكردووە، بەرزە. جا با بزانین چۆن؟ بانكی ناوەندی عیراق، بەهای هەر دۆلارێكی ئەمریكی بە هەزار و 320 دیناری عیراقی دیاریكردووە، واتا هەر 100 دۆلارێك دەبێت 132 هەزار دیناری عیراقی بكات، بەڵام ئەمە لە بازاڕەكاندا وانییە، بۆنموونە ئەگەر كەسێك بڕی 100 دۆلاری ئەمریكی بوێت، پێویستە لەبەرامبەردا سەروو 153 هەزار دینار بداتە نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو یان شوێنەكانی ئاڵوگۆڕ، جا بابزانین هۆكاری ئەمە چییە؟.. عەلا فەهد كە وتەبێژی بانكی ناوەندیی عیراقە دەڵێت، هۆكاری جیاوازیی بەهای رەسمیی دۆلار و ئەو بەهایەی كە خەڵك لە بازاڕەكان ئاڵوگۆڕی پێوەدەكەن، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێكارە نوێیانەی بەهۆی سیستمی ئەسیكۆداوە بۆ پێناسی گومرگی جێبەجێدەكرێت، زۆربەی بازرگانان بۆ بەدەستهێنانی دۆلار پەنایان بۆ بازاڕە نارەسمییەكان بردووە بەئامانجی خۆدزینەوە لە پێناسی گومرگی.
دەشڵێت، بانكی ناوەندیی هەوڵیداوە هەموو بازرگانان رابكێشێتە ناو سیستمی ئەسیكۆدا بۆ ئەوەی پارەدانی دەرەكی لەڕێگەی بانكە نێودەوڵەتییەكانەوە ئەنجامبدەن.
وتەبێژی بانكی ناوەندیی عیراق باس لەوەش دەكات، ئەوان واتا "بانكی ناوەندی" بەرپرس نین لەو جیاوازییەی لەنێوان بەهای رەسمیو ئەو بەهایەی لە بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراودا هەیە. ماوەیەكە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوەو ئێستاش بەهای 100 دۆلار لەسەرووی 153 هەزار دینارەوە مامەڵەی پێوە دەكرێت.