دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیی عیراق ئەو نووسراوەی هەڵوەشاندەوە، كە لەبارەی قەدەغەكردنی گواستنەوەی زێڕ و مۆبایل لە رێگەی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی دەری كردبوو. لایخۆشیەوە، وەزارەتی پلاندانانی عیراق بە پێویستی دەزانێت ئۆفیسی دەزگای پێوانەسازیی و كۆنتڕۆڵی جۆریی فیدراڵی لە هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی بكرێتەوە.
جیهاد دیوان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنیی عیراق رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ، ئەو نووسراوەی كە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنیی عیراقی ئاراستەی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی كردبوو، لەبارەی قەدەغەكردنی هاوردەكردن و گواستنەوەی زێڕ و مۆبایل لە رێگەی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی، هەڵوەشایەوە و كاری پێ ناكرێت.
بەوتەی ناوبراو، نووسراوی هەڵوەشانەوەی بڕیارەكە بۆ هەموو كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی دەنێردرێت.
لایخۆشەوە عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق راگەیاندووە، پێویستە ئۆفیسی دەزگای پێوانەسازیی و كۆنتڕۆڵی جۆریی لە فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی بكرێتەوە، هاوشێوەی فڕۆكەخانەكانی بەغدا و بەسرە و نەجەف و كەركوك. ئاماژەی بەوەكرد، هەرێمی كوردستان خۆی پشكنینی زێڕی هاوردەكراو دەكات، وەزارەتی پلاندانانی عیراقیش ئاگاداری ئەوە نییە كە چۆن كارەكانی هاوردەكردن و پشكنین لەم دوو فڕۆكەخانەیەدا ئەنجامدەدرێت.
وەزارەتی پلاندانانی عیراق تەئكید كردۆتەوە، ئەو پرسەی ئێستا سەریهەڵداوە، لە نێوان هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنییە، نەك وەزارەتی پلاندانان، وتیشی، وەك وەزارەت تەئكید لەسەر پێویستی ئۆفیسی پێوانەسازیی فیدڕاڵی دەكەین بۆ یەكخستنی رێكارەكان لە سەرتاسەری عیراقدا.
ڕۆژی 25ی شوباتی 2026، دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیی عیراق، بەپاساوی نەبوونی نوێنەرانی دەزگای كۆنتڕۆڵی جۆریی فیدڕاڵی لەهەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی، گواستنەوەی زێڕ و مۆبایلی لەڕێگەی ئەو دوو فڕۆكەخانەیەوە قەدەغەكرد