ئەمڕۆ خولی سێیەمی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری جنێڤی سویسرا دەستپێدەکات.
ئەم گفتوگۆیانە کە بە ناوبژیوانی عومان بەڕێوەدەچن، وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئەژمار دەکرێن.
ئەم وتووێژانە لە کاتێکدایە کە واشنتۆن هێزێکی زۆری سەربازی لە ناوچەکە کۆکردووەتەوە و دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دابوو کە دەبێت ئێران لە ماوەی 10 بۆ 15 رۆژدا بگاتە رێککەوتن، ئەگەرنا رووبەڕووی لێکەوتەی مەترسیدار دەبێتەوە. بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند کە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەری زاوای ترەمپ، لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکاندا لەگەڵ عەباس عیراقجی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەشدارن و بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومانیش رۆڵی نێوەندگیری دەگێڕێت.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئەوە ئامانجی کۆتایی هەر کارێکی سەربازی دەبێت.
لە بەرامبەردا عەباس عیراقجی جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی دەیەوێت بگاتە رێککەوتنێکی خێرا و دادپەروەرانە، بەڵام دەستبەرداری مافی خۆیان لە تەکنەلۆژیای ئەتۆمی ئاشتییانە نابن.