كاروانێكی تری هاوپەیمانان لەحەسەكە بەرەو هەرێم كشایەوە

عیراق 03:47 PM - 2026/02/23

بۆ دووەم جار لە ماوەی یەك هەفتەدا، هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كاروانێكی گەورەی سەربازییان لە یەكێك لە گەورەترین بنكەكانی خۆیان لە رۆژئاوای كوردستان كشاندەوە و بەرەو خاكی هەرێمی كوردستان بەڕێكەوتن.

روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، كاروانێكی گەورەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كە لە زیاتر لە 100 بارهەڵگری سەربازی و كەلوپەلی لۆجستی پێكهاتووە، بنكەی قەسركیان لە باكووری رۆژئاوای حەسەكە چۆڵكردووە. ئەم كاروانە بە ئاڕاستەی دەروازەی سنووریی وەلید كە خاكی سوریا بە هەرێمی كوردستان دەبەستێتەوە، پاشەكشەیان كردووە.

پرۆسەی كشانەوەی ئەم كاروانە سەربازییە لەژێر چاودێرییەكی توندی ئاسمانیی هەلیكۆپتەرە جەنگییەكانی ئەمریكادا ئەنجامدراوە. بەپێی زانیارییەكانی ڕوانگەی سوری، هێزەكان لە ڕێگەی دەروازەی وەلیدەوە خاكی ڕۆژئاوای كوردستانیان جێهێشتووە، كە ئەمەش دووەم هەنگاوی لەو شێوەیەیە لە ماوەی چەند رۆژێكی كەمدا.

ڕوانگەی سووری ئاماژەی بەوە شكردووە ، زانیارییان دەستكەوتووە لەبارەی هەبوونی پلانێك كە كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان نزیكەی 2 مانگی پێدەچێت.

هێشتا ڕوون نییە كە ئایا ئەم كشانەوەیە بە شێوەیەكی یەكجارییە یاخود تەنیا كەمكردنەوەی هێزەكانە، بەڵام باس لەوە دەكرێت بنكەی قەسرك تەنانەت دوای چۆڵكردنیشی، وەك بنكەیەكی ئامادە بۆ بەكارهێنانەوە لە كاتی پێویستدا دەمێنێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو