نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

عیراق 10:08 AM - 2026/02/23

ئەمڕۆ لەكاتی كردنەوەی بازاڕە جیهانییەكاندا، نرخی زێڕ بە ڕێژەی  سەدا یەك پۆینت دوو بەرزبووەوە و نرخی هەر ئۆنسەیەك پێنج هەزار و 184  دۆلاری تێپەڕاند.

لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانیش نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بەپێی دوایین مامەڵەكان، نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە  21 بە یەك ملیۆن و 114 هەزار  دیناری تێپەڕاندووە.
پسپۆڕانی ئابووری هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی كانزاكان بە تایبەتی زێڕ، دەگەڕێننەوە بۆ ئەو  رووداوە جیۆسیاسییانەی كە پەیوەستن بە ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریكا بۆ سەر ئێران.

هاوكات بەهۆی پشووەكانی سەری ساڵەوە بازاڕەكانی چین داخراون، ئەمەش بووەتە هۆكار بۆ ئەوەی قەبارەی مامەڵەكان لە بازاڕە جیهانییەكاندا كەم و سنووردار بن، هەروەها بڕیارەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەسەر سەپاندنی باجە گومركییەكان ناڕوونی زۆری دروستكردووە.

بازاڕەكان ئاماژە بەوە دەكەن  ترەمپ بەو ئاسانییە لە بڕیاری سەپاندنی باجە گومركییەكان پاشەكشە ناكات، ئەمەش وایكردووە وەبەرهێنەران زێڕ وەك پەناگەیەكی ئارام بەكاربهێنن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو