کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی بۆ بەدواداچوون پرۆسەی لە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ سەردانی قەزاکەی کرد

.

09:41 PM - 15/02/2026

وەک بەڵێنمان دابوو کە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش و خەڵکی ئازیزی ئەو دەڤەرە بە تەنها جێناهێڵین و تا کۆتایی و قەرەبووکردنەوەی تەواوی زیانلێکەوتووان لەگەڵیاندا دەمێنینەوە، ئەمڕۆ بۆ جاری سێیەم سەردانی چەمچەماڵی ئازیزم کرد و لە نزیکەوە بە دواداچوونم بۆ چۆنییەتی جێبەجێکردنی پرۆسەی قەرەبووکردنەوەکە کرد و لەگەڵ ئەندامانی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ و بۆردی چاودێری کۆبوومەوە.

بە دەرفەتی دەزانم جارێکی دیکە سوپاسی خەڵکی کوردستان و وەبەرهێنەر و سەرمایەدار و ئەو دەزگا میدیاییانە بکەم کە بە هەستێکی بەرزی نیشتمانی و ئینسانییەوە بەشداربوون لە هاوکاریکردن و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان. هەروەها سوپاسی ئەندامانی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوە دەکەم کە توانییان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و لە ئاستی چاوەڕوانیی خەڵکە ئازیزەکەماندا بوون. سوپاسێکی تایبەتیش بۆ ئەندامانی بۆردی چاودێری و هەموو ئەو کەسایەتییە متمانەپێکراوانەی چەمچەماڵ کە بە وردی چاودێریی چۆنییەتی راپەڕاندنی پڕۆسەی قەرەبووکردنەوەکەیان کردووە و گەرەنتی شەفافییەتی پرۆسەکەیان کرد.

هەرچەندە پرۆسەی قەرەبووکردنەوەکە تەواو بووە، بەڵام بەوپێیەی کۆمیسیۆنەکە نموونەیەکی سەرکەوتووی لە خزمەتکردنی خەڵکی چەمچەماڵی پێشكەش کردووە، بڕیارماندا ئەندامانی ئەم لیژنەیە لە ژێر ناوێکی دیکەدا بەردەوام بن لە خزمەتکردنی خەڵکی ئازیزی دەڤەرەکە و ببنە رایەڵەی پەیوەندیی لە نێوان خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە خزمەتگوزارییەکان.

بڕیارماندا ئەو پارەیەی کە ماوەتەوە، بە سەرپەرشتیی ئەندامانی ئەو لیژنەیە و هەروەها لەژێر چاودێریی ئەندامانی بۆردی چاودێری و کەسایەتییە متمانەپێکراوەکانی چەمچەماڵ، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە دەڤەرەکە خەرج بکرێت و دواتریش بۆ دڵنیابوونەوەی هەموو لایەک، ئەنجامەکەی بەوپەڕی شەفافییەتەوە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت.

خەڵکی ئازیزی چەمچەماڵ دڵنیا دەکەمەوە، لەم قۆناغەدا ئەولەوییەتی بەندە تەواوکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی گۆپتەپەیە، بۆ ئەمەش لە هەوڵی تەواوداین کە لە نزیکترین دەرفەتدا تەواو بکرێت و کێشەی ئاوی چەمچەماڵ بە یەکجاری چارەسەر بکرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە