کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئیكۆ عیراق: داهاتی مانگانەی كارەبا تەنها 1 ملیار دینارە و خەرجییەكەشی 600 ملیارە

.

09:45 AM - 15/02/2026

روانگەی ئیكۆ عیراق ئاشكرای كردووە، حكومەت مانگانە نزیكەی 600 ملیار دینار بۆ كەرتی كارەبا خەرج دەكات، لەكاتێكدا ئەو داهاتەی لە ڕێگەی كۆكردنەوەی كرێی كارەباوە دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی حكومەت، تەنیا 1 ملیار دینارە. ئەمەش نیشان دەدات كە داهاتی كۆكراوە تەنیا نزیكەی 0.17%ی كۆی خەرجییەكانی ئەم كەرتە پێكدەهێنێت، كە ئەمەش نادادپەروەرییەكی گەورەیە لە خەرجی و داهاتدا.


بەپێی بڵاوكراوەكەی روانگەكە، ئەم خەرجییە گەورەیە نەبووەتە هۆی دابینكردنی كارەبای پێویست بۆ هاووڵاتیان. ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەی كارەبا لەعیراقدا لە28 هەزار مێگاوات تێپەڕ ناكات، لە كاتێكدا وڵاتەكە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ناوخۆ، پێویستی بە نزیكەی 50 هەزار  مێگاوات كارەبا هەیە. ئەمەش دەریدەخات كەخەرجییەكان لەگەڵ ئاستی بەرهەمهێناندا هاوتا نین.

روانگەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، جیاوازیی نێوان خەرجی و داهات ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ لاوازیی سیستمی كۆكردنەوەی پارەی كارەبا. ئەم دۆخە بارگرانییەكی زۆری خستووەتە سەر دارایی گشتیی حكومەت و بەردەوامبوونی بەم شێوەیە، بە واتای چەسپاندنی قەیرانێكی درێژخایەن دێت كە تێچووەكانی لەلایەن هاووڵاتیانەوە دەدرێت بێ ئەوەی خزمەتگوزارییەكی بەردەوام و باوەڕپێكراویان بەدەست بگات.

روانگەكە داوا لەحكومەتی عیراق دەكات بڕیاری بوێرانە بۆ چاكسازی لەم كەرتەدا بدات و كۆتایی بە بەفیڕۆدانی دارایی بهێنرێت و كار بۆ سەقامگیریی دابینكردنی وزە و جێبەجێكردنی سیستمێكی دادپەروەرانە بۆ كۆكردنەوەی داهات بكرێت، تا دارایی گشتیی دەوڵەت لە كورتهێنان و بەفیڕۆدان بپارێزرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە