کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی کوەیت پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکان تاوتوێ دەکەن

.

01:58 PM - 12/02/2026

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12-2-2026، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی لە حەسەن محەمەد ئەلزەمان، باڵیۆزی کوەیت لە عیراق کرد و پێکەوە چۆنییەتیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایان گفتوگۆ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە بە ئامادەبوونی عوسمان ئەلداوود، کونسوڵی گشتیی کوەیت لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بە گرنگییەوە باس لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوولا کرا. جەختیش لەسەر پێویستیی زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا کرایەوە، بەتایبەتیش لە بوارەکانی ئابوری و بازرگانیدا.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ پشتگیریکردنی وەبەرهێنانی بیانی و رایگەیاند: "دەرفەتێکی زۆر گەورە بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی کوەیتی هەیە تاوەکو بەشداری لە پڕۆسەی گەشەپێدانی کوردستاندا بکەن." راشیگەیاند کە حکومەتی هەرێم ئامادەیە هەموو جۆرە پشتگیری و کارئاسانییەکیان بۆ دابین بکات.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پێکەوەکارکردنی لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری، بەتایبەتیش لە عیراقدا. لەم چوارچێوەیەدا، باڵیۆزی کوەیت ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی وەک دراوسێیەک، پشتگیری لە عیراقێکی سەقامگیر، بەهێز و گەشەسەندوو دەکات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە