کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

روانگەی سوری: گەمارۆدانی كۆبانی بەردەوامە و شارەكە سوتەمەنی تێدا نەماوە

.

01:58 PM - 11/02/2026

 

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایدەگەیەنێت، ماوەی گەمارۆدانی كۆبانی دەبێت بە 23 رۆژ لەلایەن هێزەكانی دیمەشقەوە، سەرەڕای هەبوونی رێككەوتن لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بۆ كۆتاییهێنان بەو گەمارۆیە.

روانگەی سوری لە راپۆرتێكدا، هۆشداریداوە ئەم دۆخەی ئێستای كۆبانی، كە 23 رۆژە بەردەوامە، بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانێكی مرۆیی قورس بۆ دەیان هەزار دانیشتووی شارەكە و ئاوارەكانی دەوروبەری، كە بەدەست نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەكانەوە دەناڵێنن.

ئاماژەبەوەشكراوە، لە كەرتی تەندروستیدا، رێگری لە چوونی دەرمان دەكرێت و دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان لە دەرمانخانەكاندا نەماوەو لە نوێترین زانیاریشدا گیانلەدەستدانی دایكێك پشتراستكراوەتەوە بەهۆی نەبوونی چاودێری پزیشكی و گەمارۆی سەر ناوچەكە.

روانگەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، دوای بڕانی كارەبا بۆ ماوەی سێ هەفتە، ئێستا رۆژانە تەنها دوو سەعات كارەبا دەدرێت بە كۆبانی، ئەمەش كاریگەری نەرێنی كردووەتە سەر دابەشكردنی ئاو.

لە ڕووی بژێویشەوە، نرخی سەوزە و میوە بەشێوەیەكی خەیاڵی بەرزبووەتەوە و شارەكە بەدەست كەمی سوتەمەنییەوە دەناڵێنێت و تەنها لە رێگەی قاچاخەوە و بە نرخێكی زۆر گران دەستدەكەوێت، بە جۆرێك لیترێك غاز گەیشتووەتە پێنج دۆلار.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە