.
01:28 PM - 11/02/2026
عەبدولڕەحمان مەشهەدانی پسپۆڕی ئابووریی عیراق رایگەیاند، لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2026 نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 53 دۆلار كەمدەكرێتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە لە بودجەی سێ ساڵەی پێشوودا نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە 70 دۆلار دیاریكرابوو. بەوتەی ئەو پسپۆڕە، دابەزینی تەنیا یەك دۆلار لە تێكڕای نرخی نەوت بۆ ماوەی ساڵێك، بەواتای زەرەرمەندبوونی عیراق دێت بە بڕی یەك ملیار و 400 ملیۆن دۆلار.
هەر بۆیە دابەزینی هەر 10 دۆلارێك لە نرخی نەوت دەبێتە هۆی لەدەستدانی 14 بۆ 17 تریلیۆن دینار لە داهاتی ساڵانەی عیراق. مەشهەدانی روونیشیكردەوە، ئەگەر بودجە لەسەر بنەمای 70 دۆلار دابنرێت، بڕی كورتهێنان دەگاتە 64 تریلیۆن دینار.
ئەم دابەزینانەش كاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر كارەكانی حكومەت و میكانیزمی خەرجیی بەكاربردن دەبێت، هاوكات دەبنە هۆی وەستاندنی تەواوەتیی خەرجییەكانی وەبەرهێنان لە وڵاتدا.
پسپۆڕە ئابوورییەكە گەندەڵی بە هۆكاری سەرەكیی كەمبوونەوەی داهاتەكان ناودەبات و دەڵێت، لە 3 بۆ 4 ساڵی رابردوودا دەبوو داهاتی نانەوتی ساڵانە 27 تریلیۆن دینار بێت، بەڵام بەهۆی گەندەڵییەوە تەنیا 14 بۆ 15 تریلیۆن دینار بەدەستهاتووە. تەئكیدیشی لەوەكردەوە، داهاتی گومرگ لە واقیعدا تەنیا یەك ترلیۆن بۆ یەك ترلیۆن و 500 ملیار دینارە، لەكاتێكدا پێویست بوو زیاتر لە 10 تریلیۆن دینار بێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە