کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆدەبێتەوە و سێ تەوەر تاوتوێ دەكەن

.

10:02 AM - 11/02/2026

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردوەتەوە، ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و لە کۆبونەوەکەدا سێ تەوەر تاوتوێدەکرێن، تەوەری یەکەم بریتییە؛ لە بابەتی سەرژمێریی دانیشتووانی عیراق، کە لە رۆژانی 20 و 21ی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 ئەنجام درا و بەگوێرەی راگەیاندراوی فەرمیی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان (جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) بەرەسمی بە رێژەی 14.1% دەستنیشان کرا.


لە کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران، بەدواداچوون بۆ پابەندکردنی حکومەتی فیدراڵی بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە بۆ مەبەستی دەستنیشانکردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.


تەوەری دووەمیش پەیوەستە بە پەسەندکردنی کۆنووسی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانییانی سیاسیی عیراق، کە لە رێکەوتی 27ی تشرینی دووەمی 2025 کە لەنێوان هەردوولا ئیمزاکراوە.


لە تەوەری سێیەمیشدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم تاوتوێی بڕیاردان لەسەر پێشنیازی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی تایبەت بە پارەی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان کە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵییەوە دابین دەکرێت، لە چوارچێوەی خەرجیی (النفقات الحاکمە) و چارەسەرکردنی پارەی کەڵەکەبووی پێشوو بۆ ساڵانی (2004-2022) گفتوگۆ دەکرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە