کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لە ئەنبار دەستبەسەر 60 هەزار حەبی كاپتاگۆن گیرا

.

10:25 AM - 08/02/2026

بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عیراق، دەستبەسەرداگرتنی 60 هەزار حەبی هۆشبەری لەجۆری كاپتاگۆن لەبیابانی ئەنبار راگەیاند، كە قاچاخچییەكان ویستوویانە بە باڵۆن بیپەڕێننەوە.


عەقید حەیدەر محەممەداوی بەڕێوەبەری راگەیاندنی هەواڵگریی سەربازیی عیراق راگەیاند:لە ئۆپەراسیۆنێكدا، مەفرەزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی لەبەشی هەواڵگری و ئاسایشی فیرقەی پێنجی پیادە، بەپشتبەستن بەزانیاریی وردی هەواڵگری و هەوڵە مەیدانییە بەردەوامەكان، توانییان دەست بگرن بەسەر 60 هەزار حەبی هۆشبەر لەجۆری (كاپتاگۆن).سەبارەت بەشێوازی گواستنەوەی ئەو مادە هۆشبەرانە،

بەڕێوەبەری راگەیاندنی هەواڵگریی سەربازی عیراق رایگەیاند، ئەم بڕە مادەیە ئامادەكرابوو بۆ قاچاخچێتی لەرێگەی باڵۆنەوە كە ئامێری جی پی ئێسی پێوە بووە لەبیابانی ئەنبار، بەڵام بەر لەوەی بگاتە شوێنی مەبەست، هەوڵەكە پووچەڵكراوەتەوە،

عەقید حەیدەر محەممەداوی ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم ئۆپەراسیۆنە لەچوارچێوەی هەڵمەتێكی ئەمنی بەرفراواندایە بۆ بنبڕكردنی سەرچاوەكانی مادەی هۆشبەر و راوەدوونانی ئەو كەسانەی تێوەگلاون.


 بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی عیراق، ساڵی رابردوو توانیویانە هەزار و 201   تۆڕی بازرگانیی مادەی هۆشبەر هەڵبوەشێننەوە كە هەزار و 30   تۆڕیان ناوخۆیی و 171 تۆڕی نێودەوڵەتی بوون. هەروەها دەستیش بەسەر 14  تۆن و 20 كیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە