.
07:57 PM - 04/02/2026
میدیا رەسمییەكانی ئێران بڵاویانكردۆتەوە، رۆژی هەینی لە مەسقەتی پایتەختی عوممان دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا بەڕێوە دەچێت و هاوشێوەی گەڕی پێشووتر ناڕاستەوخۆدەبێت.
ئاماژەیان بەوەشكردووە، بریارە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتكۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست كۆببنەوەو دانوستانەكانی نێوانیانیشیان تەنها لەسەر پرسی دۆسیەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاكانی سەر تاران دەبێت.
هاوكات ماركۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاندوە واشنتۆن ئامادەیە رۆژی هەینی داهاتوو لەگەڵ ئێرانییەكان كۆببێتەوەو دۆناڵد ترەمپ چەند بژاردەیەكی لەبەردەستە و شوێنی گفتوگۆكان لەگەڵ ئێران هێشتا دیارینەكراوە.
پێشتریش، مەسعود پزیشكیان، سەرۆكی ئێران رایگەیاند، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی راسپاردووە بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەگەڵ ئەمریكا و دەبێت گفتوگۆكان دوور بن لە هەڕەشە و چاوەڕوانیی نالۆژیكی.
ئێران پێشتر چەندینجار تەئكیدی كردووەتەوە كە تەنیا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی دانوستاندن دەكات و بەهیچ شێوەیەك ئامادەنییە باس لەبەرنامە مووشەكییەكەی و تواناكانی بەرگریی وڵاتەكەی بكات،دوایین گەڕی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە مانگەكانی نیسان و ئایاری ساڵی ڕابردوو، لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بوو. پێنج گەڕی ئەم دانوستانانە لە عوممان و ئیتاڵیا بەڕێوە چوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە