.
03:47 PM - 04/02/2026
لەگەڵ كرانەوەی بازاڕەكانی ئاسیا، نرخی ئۆنسەیەك زێڕ بەراورد بە رۆژی سێشەممە 400 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە پێنج هەزار و 70 دۆلار. هاوتەریب لەگەڵ بۆرسەی جیهانی، لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانیش نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بەپێی دوایین مامەڵەكان، نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە یەك ملیۆن و 108 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت.
ئەم بەرزبوونەوەیە دوای سەرهەڵدانەوەی گرژییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران دێت، كە وایكرد وەبەرهێنەران روو لە كڕینی زێڕ بكەن. بەپێی راپۆرتە هەواڵییەكان، هێزەكانی ئەمریكا درۆنێكی ئێرانییان لە دەریای عەرەبی خستووەتە خوارەوە.
هاوكات بینراوە كە بەلەمێكی سەربازیی ئێران لە گەرووی هورمز لە كەشتییەكی نەوتهەڵگری ئەمریكا نزیكبوونەتەوە و هەوڵی دەستبەسەرداگرتنیان داوە، بەڵام هەوڵەكە سەركەوتوو نەبووە.
ئەم رووداوانە لە كاتێكدان كە بڕیارە رۆژی هەینی هەردوو وڵات لەسەر پرسی ئەتۆمی دەست بە گفتوگۆ بكەن، بەڵام ئاڵۆزییە مەیدانییەكان بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی كانزاكان. بانكی (ئەی ئێن زێت) لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێت، هۆكارە بنەڕەتییەكانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هێشتا وەك خۆیان ماون، خواست لەسەری وەك پەناگەیەكی ئارام، كڕینی زێڕی فیزیكی و بەردەوامیی بانكە ناوەندییەكانی جیهان لە كڕینی ئەو كانزا زەردە، وا دەكەن زێڕ لە لوتكەدا بمێنێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە