کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق :خەرجی كەمبكرێتەوە و داهات زیادبكرێت

.

11:02 AM - 04/02/2026

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق  تەئكید لەسەر بەردەوامیی هەوڵەكانی وەزارەتەكان بۆ كەمكردنەوەی خەرجی و زیادكردنی داهات دەكاتەوە.


لەپێنجەمین كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە ساڵی 2026دا كە بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سودانی بەرێوەچوو، راپۆرتی كۆتایی جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەت خرایەڕوو كە لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە 884 ئامانجی بۆ دیاریكرابوو، بەپێی راپۆرتەكە رێژەی جێبەجێكردنی ئامانجەكان گەیشتووەتە 88% و تائێستا 582 ئامانج بەتەواوی جێبەجێكراون.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، چەند بڕیارێك لەبارەی كەرتەكانی تەندروستی، نەوت و گەشتیاریدا دران، كە بریتیبوون لە چارەسەركردنی كێشەی كەمیی پزیشك، قەدەغەكردنی گواستنەوەی ئەو پزیشكانەی لەو پارێزگایانە كاردەكەن كە كەمیی پسپۆڕییان تێدایە.

دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون و پێداویستیی ژیان بۆ ئەو پزیشكانەی لە پارێزگاكان خزمەت دەكەن. پێدانی زەویی نیشتەجێبوون بەو پزیشكە پسپۆڕانەی 5 ساڵ خزمەتی كردەییان لەو ناوچانە هەیە، زیادكردنی كورسییەكانی خوێندنی باڵا و بۆرد بۆ پسپۆڕییە دەگمەنەكان.

هەروەها ئەنجومەنی وەزیران، رەزامەندی لەسەر بەردەوامبوونی گرێبەستی پەرەپێدانی كێڵگەی نەوتیی مەجنوون لە پارێزگای بەسرە لەگەڵ كۆمپانیای (KBR) نیشان دا، ئەمەش بە مەبەستی رێگریكردن لە راگرتنی بەرهەمهێنان.

لە كۆتاییی كۆبوونەوەكەشدا تەئكید لەسەر بەردەوامیی هەوڵەكانی وەزارەتەكان بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهاتەكان كرایەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە