.
02:54 PM - 04/02/2026
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، نێردەی تایبەتی ئەمریكای ئاگادار كردووەتەوە لەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینی بە هیچ شێوەیەك بەشداری لە بەڕێوەبردنی كەرتی غەززەدا ناكات.
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بڵاویكردووتەوە، ناتانیاهۆ لەگەڵ ستیڤ ویتكۆف نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئورشەلیم كۆبونەتەوە و، باسیان لە دیاریكردنی نەخشەڕێگەی غەززە دوای كۆتاییهاتنی جەنگ كردووە و ناتانیاهۆش تەئكیدی كردووەتەوە لەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینی بە هیچ شێوەیەك بەشداریی لە بەڕێوەبردنی كەرتی غەززەدا نابێت. ئەم بڕیارە وەك رەتكردنەوەی ئەو پێشنیارانە دەبینرێت كە داوایان دەكرد، دەسەڵاتی فەڵەستینی بە سەرۆكایەتیی مەحمود عەباس بگەڕێتەوە بۆ غەززە، تابۆشایی كارگێڕی پڕبكاتەوە.
كێشەی گەورەی دەسەڵات لە كەرتی غەززە بۆ ساڵی 2007 دەگەڕێتەوە، كاتێك بزووتنەوەی حەماس هێزەكانی دەسەڵاتی فەلەستینی لە غەززە وەدەرنا و كۆنترۆڵی تەواوەتی كەرتی غەززەی گرتە دەست. لەو كاتەوە تا دەستپێكردنی جەنگی 7ـی ئۆكتۆبەری 2023، غەززە لەژێر دەسەڵاتی حەماس و كەرتی رۆژئاوا لەژێر دەسەڵاتی فەتحدا بووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە