.
10:49 AM - 08/12/2025
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دوا ئاگادارکردنەوە دەداتە ئەو کەسانەی ناویان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ساڵی 2026 دەرچووە و ڕایدەگەیەنێت، ئەمرۆ دووشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، دوا وێستگەیە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکان و هەر کەسێک دوا بکەوێت، مافی بەشداریکردنی دەفەوتێت.
کاروان ستونی، وتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی کوردستان ڕایگەیاند: بەپێی ئەو خشتەیەی دیاری کراوە، ئەمرۆ ڕێکەوتی 8/12/2025 دوا مۆڵەتە بۆ وەرگرتنی مامەڵەی خوازیارانی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج.
دەشڵێت، هەر هاووڵاتییەک لەو وادەیە دوا بکەوێت، خۆی بەرپرسیار دەبێت و بەپێی ڕێنماییەکان، کەسانی یەدەگ واتە ئەوانەی لە لیستی چاوەڕوانیدان، لە شوێنیان دادەنرێن.
وتەبێژەکەی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەشدا، لە ڕێگەی نووسینگەکان لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە، پەیوەندی بە هەموو ئەو کەسانەوە کراوە کە ناویان لە تیروپشکدا بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ساڵی 2026 دەرچووە، تاوەکو بە زووترین کات سەردان بکەن و مامەڵەکانیان تەواو بکەن.
لە کۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی لەوە کردەوە، بەپێی فەرمانی وەزاری، دوای تەواوبوونی دەوامی ئەمرۆ، هەر کەسێک نەچووبێت بە دەم مامەڵەکەیەوە، ڕاستەوخۆ بەپێی ڕیزبەندی و پۆڵێنەکان، کەسانی یەدەگ شوێنەکانیان پڕ دەکەنەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە