.
12:03 PM - 29/10/2025
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان (کەرکوک - شەنگال - خانەقین) ئاگاداردەکاتەوە کە لە سەعات 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ (2025/10/29) دەتوانن لە هەمان سایتی زانکۆلاین (regayzanko.com) داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەش بکەن.
عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، سەرجەم دەرچوانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئەوانەی ناویان لە نوسینگەی کەرکوکی وەزارەتەکەمان تۆمارکردوە، لە سەعات 12ی ئەمرۆوە هاوشێوەی دەرچوانی هەرێمی کوردستان دەتوانن داواکاری لەڕێگەی زانکۆلاین بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەش بکەن.
وتیشی، بۆ هەر کێشەو گرفتێک سەبارەت بە پرۆسەکە دەرچوان دەتوانن سەردانی نوسینگەی کەرکوکی وەزارەتەکەمان بکەن و ئاسانکاری و ڕێنوێنیان پێشکەش دەکرێت.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕاشیگەیاند، ساڵانە لەگەڵ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی هەرێمی کوردستان، دەرچوانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکان دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش بەهەمان مەرج و پێوەرەکانی وەرگرتنی خوێندکارانی کوردستان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن.
بۆ ئەمساڵیش دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی ناوچە کوردستانییەکان دەتوانن بە کۆدەکانیان بچنە ناو سیستم و راستەوخۆ داواکاری بۆ وەرگرتن لەهەمان سایتی زانکۆلاین پێشکەش بکەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە